image

 پەیامی کورد     ...    بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ هەینی ٣١ی ٠٧ی ٢٠٢٠ بە هۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە جیهاندا، مەترسی نەمانی خواست لەسەر ووزە بە گشتی و نەوت بە تایبەتی درووست بووە، ئەمەش وایکردوە نرخەکەی روو لە دابەزین بکات.
بەپێی داتا جیهانییەکان، ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوتی خاوی برێنت ١٢ سەنت دابەزی، کە دەکاتە ٠.٢٧%ی نرخەکەی و لەدواین مامەڵەدا بە ٤٣.٦٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا.
لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی ١٣ سەنت کەمیکرد، لە دواین مامەڵەدا بە ٤١.١٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، واتا نرخەکەی بەڕێژەی ٠.٣١% دابەزیوە.
شارەزایانی ئابووری هۆکاری کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەنزین، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەهۆی کۆرۆناوە ڕووی لە جیهان کردوە بەهۆیەوە رێژەی بێکاری زیادیکردووە و زۆرینەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانیش وەستێنراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە کەمبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بۆ کەمترین ئاست کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تۆماریکردبێت، هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی خواستە سەر نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا، واتا تا بەهای دۆلار کەمتربێت خواست لەسەر نەوتی خاو دادەبەزێت.