image

پەیامی کورد     ...    بە پێی بڕیارێک کازمی کەسانی نابەرپرس لە کارەکانیان دوور دەخاتەوە 

موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، تەقینەوەکانی بەغدا نیشانەی بوونی بۆشایی ئەمنییە و بەرپرسانی ئەمنی کەمتەرخەم لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە.

موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەمڕۆ هەینی سەرپەرشتی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی دانیشتنی کرد و رایگەیاند، "دابینکردنی ئاسایش تەنیا وشەیەک نییە لە میدیاکاندا باسی لێوە بکەین، بەڵکوو بەرپرسیارێتییە، ئەوەی دوێنێ ڕوویدا پێشێلکارییە کە ئێمە ڕێگە بە دووبارەکردنەوەی نادەین، ئێمە بەڵێنمان بە ئاسایشی گەلەکەمان داوە و ئەم رووداوەش بەڵگەی ئەوەیە کە بۆشایی ئەمنی هەیە و دەبێت بە خێرایی پڕبکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەزگای ئەمنییەکان لە ماوەی چەند مانگی رابردودا هەوڵێکی گەورەیان داوە و لە دژی تیرۆریستی داعش ئۆپراسیۆنێکی گەورە ئەنجام دراوە، زۆربەی ئۆپراسیۆنەکانیشمان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ڕۆژانە هەوڵی داعش هەیە بۆ گەیشتن بە بەغدا کە بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکانی پێشوەختە پوچەڵ کراونەتەوە، بەداخەوە دوێنێ توانیویانە ئەو کارە بکەن و خوێنی بێتاوانیان رشت و ڕێگەش بە دوبارەبونەوەی پێشێلکارییە ئەمنییەکان نادەین".

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەوەشی خستەڕوو، "لە دەزگای هەواڵگریدا ئاڵنگاری هەیە و پێویستە بەپەلە چارەسەر بکرێت، من بە تایبەت چاودێری ئەم بابەتە دەکەم، بۆیە بارودۆخێکی نوێ دەسەپێنین و ڕێکاری بەپەلە دەگرینەبەر".

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ووتیشی، "ئێمە زنجیرەیەک گۆڕانکاریمان لە پێکهاتەی ئەمنی و سەربازیدا کردوە و کار لەسەر پلانێکی ئەمنی گشتگیر و کاریگەر دەکەین، بۆ ئەوەی هەوڵەکانمان بۆ نەهێشتنی بەرەنگارییەکان بە ئەنجام بگەێندرێت".

روونیشیکردەوە، "پێگەی ئەمنی بەرپرسیارێتییە و کاتێک پێشێلکارییەک هەبێت دەبێت سەرکردایەتی ئاسایش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، ئەوەش بە مانای کەم سەیرکردنی ئەو سەرکردانە نییە، کە لە قۆناغەکانی پێشتردا ووڵامیان داوەتەوە، بەڵکوو ئەوە جەختکردنەوەیە لەوەی پێداچونەوە بە بەپرسیارێتیدا دەکرێت هەرکەسێک لە هەر جێگەیەکدا دەسەڵاتی هەبێت".

کازمی لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی، "ژیانی خەڵک جێگەی یاریکردن نیە، ڕێگەش بە ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نادەین، دەبێت راهێنانی زیاتر بە هێزەکان بکرێت و وانە لە کەم وکوڕیەکان وەربگرین".