image

پەیامی کورد      ...   داوا لە کورد دەکرێت لە گەڕی سێهەمی دانووستانەکانی ئەمریکا و عێراق بەشداری بکات

گەڕی سێیەمی دانووستانەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق بە بەشداری شاندی حكوومەتی ھەرێم دەستی پێكردووە و بڕیارە رێككەوتنەكە لە ئەمنییەوە بكرێتە رێككەوتنێكی ستراتیژی فراوان، ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، هەردوولا بڕیاریان داوە بێ كورد ھیچ ھەنگاوێك نەنێن، چوونكە كورد رۆڵێكی سەرەكی لە عێراقدا ھەیە و بێ كورد ھیچ رێككەوتنێك ناكرێت.

دانا جەزا كاتب، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، گەڕی سێیەمی دانووستانەكانی ئەمریكا و عێراق بۆ رێككەوتنی ستراتیژی بە بەشداری شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە بە مەبەستی لێك تێگەیشتنێك لە نێوان عێراق و ئەمریكا بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكان، سەرەتاش زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندی ئەمنی دەكرایەوە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەكان فراوانتر دەكرێن لە ڕووی رۆشنبیری و تەندرووستی و ئابووری و بازرگانی و وزەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ: "ئەوەی زۆر زیاتر لەو گفتوگۆیانەدا فۆكووسی لەسەر دەكرێت ئەوەیە، چۆن بتوانن لە رێگەی ھێزەكانی ئەمریكا و راوێژكارانیانەوە ھێزێكی بەرگریكاری بەھێزی عێراقی درووست بكەن و ببێتە ھێزێكی نیشتیمانی، كە لە بەرژەوەندی عێراق كار بكات و ھێزە بیانییەكانیش رێك دەخرێنەوە و ھێزێكی راوێژكارانی ئەمریكا و بیانی لە عێراق دەمێننەوە".

كاتب ووتیشی: "شاندی كوردی لەو دانووستانانەدا بەشدارە و ئەوەش كاریگەریی خۆی ھەیە، كە كورد بەشێكی گرینگە لە عێراق و خاوەن بڕیارە، بەوەی ئاگاداری وردەكارییەكان دەبێت و رای خۆشی دەبێت، كە حكوومەتی عێراق و ئەمریكاش داوایان كردووە ھەرێم بەشدار بێت و ھیچ ھەنگاوێك بێ كورد نەنێن، بۆیە پێگەی كورد لە عێراقدا، زۆر بەھێزە".