image

پەیامی کورد     ...     لاهوور جەنگی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کونسووڵی گشتی ئاڵمانیا هەڵوێستی یەکێتی دەربارەی کێشەی پەکەکە و تورکیا ئاشکرا دەکات

لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵوێستی یەکێتی دەربارەی کێشەی پەکەکە و تورکیا ئاشکراکرد و رایگەیاند، یەکێتی پێیوایە ئەو پرسە بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و بژاردەی شەڕ و پەنابردنە بەر ڕێگەی سەربازی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.

لاهوور شێخ جەنگی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە کلێمێنس زێمتنەر، کونسووڵی گشتی ئاڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی بارودۆخی گشتی و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. 

ئاماژەی بەوەشکردوە،بە گرینگییەوە باسی ڕۆڵی ئاڵمانیا کراوە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەو ئەرکەی کە هێزی سەربازی ئەو ووڵاتە بینیویەتی لە چوارچێوەى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژى داعش، "پێزانینی خۆمان دووپاتکردەوە بۆ گەل و حکوومەتی ئاڵمانیا کە هاوکاری هەرێمی کرد لە دابینکردنی چەک و پێداویستی سەربازی و ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە". 
ئەوەشی خستەڕوو، "لە دیدارەکەدا باسمان لە بەردەوامی هەوڵەکان کرد بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی و جەختمان کردەوە، کە یەکێتیی هانی هەردوولا دەدات بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە کە تیایدا پشکی هەرێم لە بوودجەدا دیاری بکات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زامن بکات و چیتر قوت و بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێم نەکرێنە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندییە تایبەتەکان". 

لاهوور شێخ جەنگی باسی لەوەشکردوە، "ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ تەنیا بۆ بوودجە نییە، بەڵکوو فاکتەرێکی گرینگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان، هاوکات قەوارەی هەرێمیش بەهێزتر دەکات". 
روونیشیکردوەتەوە، "جەختمان کردەوە لەسەر فەراهەم کردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕین و مامەڵەکردنێکی مەدەنی و شارستانییانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە پێناو پەرەپێدان و بەهێزکردنی پایەکانی ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمدا". 

دەربارەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بۆ کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لاهوور شێخ جەنگی ووتی، "یەکێتی پێیوایە ئەو پرسە بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و بژاردەی شەڕ و پەنابردنە بەر ڕێگەی سەربازی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات".