
پەیامی کورد … مەسروور بارزانی بە بۆنەی ٨ی مارسەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە
بەبۆنەی ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ژنانەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردە.
ئەمرۆ دووشەممە 8ی مارس، مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی رۆژی جیهانی ژنان لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکات و رایگەیاند، "بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لەپێناو یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە رووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان.
دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان:
لە یادی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.
بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە. پشتیوانیی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی تووندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا.
شکۆدار بێت هەشتی مارس ، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان.
هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆمێنتێك بنوسە: