image

پەیامی کورد     ...    مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سووریا دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/3/4 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەسر حەریری سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سووریا و شاندێکی یاوەری کرد. 

لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سیاسی سووریا و ناوچەکە و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا تاووتوێ کرا. 

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی سووریا، سوپاسی هەڵوێستی دۆستانەی هەرێمی کوردستانی کرد بەرامبەر گەلی سوریا و داخوازییە ڕەواکانی، بە تایبەتی میوانداریکردنی سەدان هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای دۆخی سەختی ئابووری، پێشوازی لە پەنابەران کردووە و هاوکاری کردوون. 

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە ئاراستەی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و  دابینکردنی مافی گشت پێکهاتە و گەلانی سووریا لە نێوێشیاندا مسۆگەرکردنی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد لەو ووڵاتەدا. 

سەرۆکی حکوومەت، نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە دەربڕی کە لە عەفرین ڕوویانداوە و هیوای خواست کە ڕێگریان لێ بکرێت.