image


پەیامی کورد .... پێنج هاووڵاتیی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کران

 

هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان لانیکەم پێنج هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی نەغەدە، بۆکان و مەریوان دەستبەسەر کراون.

 

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٣ی ژانویەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک و سێ ئەندامی ئەو بنەماڵەیە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا حاجی ئەحمەدی، پەیمان حاجی ئەحمەدی (کوڕی عەبدوڵڵا) و گەلاوێژ عەبدوڵڵاهی (دەزگیرانی پەیمان) لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

 

ئەو سێ هاووڵاتییە دوای دەستبەسەر کران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.

 

لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، لاوێکی خەڵکی شارەدێی ’نێ‘ سەر بە شاری مەریوان بە ناوی عادڵ پەروازە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

 

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار (١١ی ژانویە) هاووڵاتیەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی حوسێن گەردشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

 

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراوەتە پاڵیان ناڕوون ماوەتەوە.

 

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە یەک حەوتوودا لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، ڕەبەت، نەغەدە، مەریوان، سەوڵاوا، سنە و کەرەج لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.