image


پەیامی کورد ... وەزارەتی ئابووری حکوومەتی هەرێم وڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە

 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی ئاب، لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی ڕاگەیەنراوەکەی شەوی ڕابردووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی دایەوە.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا، کە بە زمانی عەرەبی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کراوە، ئاماژە بەوە کراوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمانی کوردستانەوە، سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی پەیڕەو کردووە، ئەوەش بەپێی بنەماکانی دەستوور و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی کردەیی ناوە و ویستی ڕاستەقینەی هەرێمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردووەتەوە".

 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی جددی ناوە و لە ڕۆژی ١١٦ی تەمموزی ٢٠١٩ سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێم، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی شێواز و سیاسەتی حکومەت لە چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، یەکەم سەردانی بۆ بەغدادی پایتەخت ئەنجامداوە.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ ڕێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی دەستوور بکرێتە بنەما و مەرجەعی چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و ناکۆکییەکان و لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەشدا، یەکەم کۆبوونەوەی هەردوولا لە ڕۆژی ٢٥ی تەمموزی ٢٠١٩ لە هەولێر، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، ئەنجامدرا و هەر ئەوکات حکومەتی هەرێم دیدگای خۆی بۆ چارەسەکردنی تەواوی کێشەکان گەیاندە حکومەتی فیدراڵ".

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە "لە ئەنجامی سیاسەت و نەرمینواندنی دەستپێشخەرانەی حکومەتی هەرێم، لە ڕۆژی ١ی دیسەمبەری ٢٠١٩، ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ کرا کە تیایدا زامنی چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دارایی و نەوتی نێوان هەردووی دەکرد، بە جۆرێک کە پارێزگاری لە مافی هەردوولا دەکرا، ئەوەش بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠، بەڵام حکومەت فیدراڵ دەستیلەکارکێشایەوە و ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرا".

 

هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە پێویست بووە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەردەوامی هەبێت، "بەڵام لە ڕۆژی ١٦ی نیسانی ٢٠٢٠، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی یان دەستووری، بڕدرا".

 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە سەرەڕای بڕینی بەشە پارەی مووچەخۆرانی هەرێم، "حکوومەتی هەرێمی دووپاتیکردەوە کە بەردەوام دەبێت لەسەر شێواز و ڕێبازی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ ئەو مەبەستەش دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی فیدراڵ درێژەپێدا، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک سەردانی بەغدادیان کردووە و گەیشتنە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی".