
پەیامی کورد ... ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر نۆ بڕیاری دەركرد
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نۆ بڕیاری دەركرد كە یەكێكیان پێكهێنانی لیژنەیەكە بۆ چوونە نێو ناوەندەكانی خوێندن و چاودێری رەوشی كۆرۆنا.
ئێوارەی ئەنڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوە و نۆ بڕیاری نوێیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركردووە.
یەكەم: دوو لیژنە بەسەرپەرشتی پارێزگای هەولێر و ئەندامیەتی هەریەك لەنوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تەندروستی پەروەردەی هەولێر پێكبهێنرێت، بۆ چوونە ناو ناوەندەكانی خوێندن و چاودێریكردنی قوتابیان و خوێندكاران بۆ پابەندبوونیان لە بەكارهێنانی (دەمامك) و جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان.
دووەم: پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ سەردانیكردنی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حكومیەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و چاودێریكردنی فەرمانبەرانیان لەكاتی دەوام بۆ پابەندبوونیان لە بەكارهێنانی (دەمامك) و جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان، هەروەها گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو هاوڵاتی و موراجعانەی كە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانییان بەبێ بەستنی (دەمامك) دەچنە ناو فەرمانگەكان.
سێیەم: هەموو ئەو شوێنانەی كە كراوەن، (مۆڵ، ماركێت، شوێنە بازرگانییەكان، بازار، چێشتخانە)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن لەبەستنی (دەمامك، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروستنەكردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای كاشیەری مۆڵ و ماركێتەكان و پێشوازی هوتێل و موتێلەكان)، هەرشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی (دەمامك) جێبەجێ نەكات، لیژنەی قائمقامییەتەكان، تیمەكانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەكان ڕاسپێردراون، دەستبەجێ شوێنەكە دادەخەن.
چوارەم: هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، كرێ) لەكاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەكانبن و خۆیان و سەرنشینەكانیان (دەمامك) ببەستن، هەر كەسێك سەرپێچی لەم بڕیارە بكات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكەی.
شەشەم: ئەم شوێنانە لەكاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن:-
(یانەی شەوانە، نێرگەلەكێشان، یانەكانی مەی خواردنەوە (بار)، موزیك لایف، ئاهەنگی شەوانەی یانەكان)
حەوتەم: ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:-
(هۆڵەكانی بووك گواستنەوه، هەموو جۆرە گردبوونەوە و كۆنفرانس و كۆبوونەوەیەك).
هەشتەم: پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنكەی پۆلیس و موختاری گەڕەك بەرپرسیارن، هەركەسێك پابەندنەبێت، ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
نۆیەم: هاوینە هەوار و شوێنە گەشتییاریەكان، دەبێت ڕەچاوی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكەن و خۆیان و گەشتییارانیان پایەندبن بە بەستنی (دەمامك)، هەرشوێنك پابەند نەبێت، ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.