image

پەیامی کورد     ...    کارەبای هەرێم هەواڵێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

دوای ئەوەی وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی هەڵمی خەبات كەوتەكار، بەرھەمھێنانی كارەبای ھەرێمی كوردستان بۆ ٣٥٠٠ مێگاوات زیادیكردووە. بەمەش كاتەكانی كارەبا بە ھاووڵاتییان بۆ ٢١ كاتژمێر زیاد دەكرێت.

لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی هەڵمی خەبات ئاشكرای كرد "ئێوارەی رۆژی شەممە 1/8/2020، ئەندازیار كەمال موحەمەد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی ئیشپێكردنی یەكەی دووەمی وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی هەڵمی خەباتی كرد و بە سەركەوتوویی توانرا وێستگەكە بەتەواویی توانای خۆیەوە بەكاربخرێت، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان گەیشتە  ٣٤٠٠ بۆ ٣٥٠٠ مێگاوات، بەم بڕە كارەبایەش  توانرا بەتێكڕا 20-21 كاتژمێر كارەبا بدرێت بە هاووڵاتییان".

لە رێوڕەسمێكدا 14/7/2020، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێستگەی ٣٠٠ مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردەوە. لە قۆناغی یەكەمدا بە توانای ١٥٠ مێگاوات وێستگەكە كاری كرد. ئەم وێستگەیەش جیاوازە لە وێستگەكانی دیكەی كارەبا و بە یەكێك لە پڕۆژە گەورەو ستراتیژییەكان دادەنرێت، كە  بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی كوردستان بە تەكنەلۆژیایەكی بەرز لەرێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و لەرووی تێچوونەوە سوودێكی ئابوورییانەی گەورەی هەیە.