image


پەیامی کورد ... ئێران سنووری سیدەکان بوردمان دەکات

تۆپخانەکانی سپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان دەست پێکردەوە.

 

کاتژمێر ١٢ی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی تەشرینی یەکەم، تۆپخانەکانی سپای پاسداران لە شنۆ و پیرانشار، ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرزاییەکانی بەربەزین و تەلانیان بوردمان کرد.

 

هاوکات سپای پاسداران لە هێرشەکانی خۆی کەڵکی لە پێهپاد و مووشەک وەرگرتووە و چەند شوێنی ئەو کوێستانانەی بە مووشەک کردووەتە ئامانج.

 

لاپەڕەی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر تۆڕی کۆمەلایەتیی تویتەر هەواڵی ئەو هێرشانەی بڵاو کردووەتەوە.

 

ماوەی پێنج ساڵە کە بەشێک لە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شوێنانە جێگیر کراون.

 

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە زیانە ماڵی و گیانییەکانی ئەو هێرشانە نەزانراوە، بەڵام زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە.