image


پەیامی کورد … پارێزگاری هەولێر سپاسی خەڵکی هەولێری کرد

 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە نامەیەكدا پەیامێكی سوپاسگوزاری ئاراستەی دانیشتوانی شاری هەولێر كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی ئەمڕۆ لە پاپای ڤاتیكانیان كرد.

 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە پەیامێكدا بە ناوی "سوپاسنامەیەک بۆ هەولێر" كە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی "بەناوی پارێزگای هەولێرەوە سوپاس و ستایشی خۆمان ئاراستەی خەڵکی خۆشەویستی شارەکەمان دەکەین بۆ ئەو میوانداری و میواندۆستییەی لە قەداسەتی پاپا فرانسیس پێشکەشیان کرد، سوپاس بۆ ئەوەی بەهۆی هاتنی و پێشوازیکردن لە بەڕێزیان لە شەقامە گشتییەکانی پایتەخت هاوکار بوون و وەک هەمیشە وێنەیەکی جوان و سەردەمیانە و هەولێریانەیان نیشان دا و سالماندتان کە هەولێری پایتەخت شاری ئارامی و خۆشەویستی و پێكەوە ژیانی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەی و فرە ڕەنگیە لە کوردستان، جارێکی تر سوپاس بۆ هاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان".

 

پارێزگار هەروەها نووسیویەتی "زۆر سوپاس بۆ ماندووبوون و شەونخوونی هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگری شارستانی و سەرجەم پێکهاتەکانی هێزەکانی ناوخۆ، کە ماندوونەناسانە بەئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵساون و وەک هەمیشە پارێزەری پاراستنی ئەمنیەتی و ئارامی شاری هەولێری خۆشەویست بوون، سوپاس بۆ شارەوانی و ته‌واوی فه‌رمانگه‌کان و کارمەندە ماندوونەساکەکانیان کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا وێڕای ئەرکی خۆیان، ئەرکی زیاتریان ئەنجامدا لەخاوێنکردنەوە و پاككردنەوەی ڕێگا و شەقامە گشتییەکانی شار".

 

لە كۆتاییشدا دەڵێ "زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو خەڵک و جەماوەرەی لە عەنکاوە و شه‌قامه‌کانی شاری هه‌ولێر بۆ پێشوازی لە قەداسەتی پاپا هاتبوونە سەر شەقام، جارێکی تر سوپاس بۆ هەموو لایەکتان و هەموو ئەوانەشی لە مەراسیمی پێشوازیکردن و سەردانی قەداسەتی پاپا فرانسیس لە شارەکەمان ئەرکیان کێشا لە سەرجەم پێکهاتە و ئاین و چین و توێژەکان کە هۆکاری سەرکەوتنی بەرنامەکانی ئەو میواندارییە بوون"