image


پەیامی کورد … سلێمانی/ باندێکی پێنج کەسی تەزویری پارە دەستگیر کران

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی وارماوای سەر بە بەشی پۆلیسی شارەزوور، باندێکی پێنج کەسییان دەستگیرکرد کە مامەڵەیان بەدراوی ساختەوە کردووە و لە ھەمانکاتدا چەند کەسێکیان فرۆشیار و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر بوون.

 

ئەمڕۆ هەینی 5ی ئازاری 2021، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، زانیاریی وردیان هەبووە لەسەر پێنج کەس کە لەشێوەی باندێکدا کاری مامەڵە و ساغکردنەوەی دراوی ساختەیان (لە جۆری 25 ھەزار دیناری) لە ناحیەی عەربەت و ناو شاری سلێمانی کردووە. هاوکات، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستیشیان بەسەر بڕێک دراوی ساختەو بڕێک مادەی ھۆشبەر لە جۆری شیشە و دەمانچەیەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە.

 

 

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیشدا هاتووە کە، بەشێک لەو کەسانە فرۆشیار و بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەر بوون. هاوکات، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تونراوە ھەر پێنج کەسەکە دەستگیربکرێن و رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە.

 

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، لە ئێستادا هەریەکە لە (ئ، س، ر)، (د، ھ، ئـ)،  (ئـ، ع، ئـ)، (ر، ن، ئـ)، (ن، ع، ئـ)، بەپێی ماددەکانی (289 و 298) و 14ی ماددە ھۆشبەرەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.