image
رۆژهات ئامەدی نوسەر
image

ئەردۆغان؟

باباجان؟

داودئۆغڵو؟

ئێمەی کورد بە هیچ شێوەیەک وانە لە رابردوو وەرناگرین، لەگەڵ لەرزینی دەسەڵاتی ئاکپارتی و دروستبوونی پارتی نوێ کە ئەمە بووەتە رۆژەڤ، بەشێکی گرنگی کورد بە جۆرێک کاریگەر دەبن کە دووبارە بێ ئەوەی بیر لە دروستکردنی دامەزراوە و پارتی خۆیان بکەنەوە، دیسانەوە بەردەوامدەبن لەوەی بەدوای جێگرەوەیە بکەون کە خەڵکانێکی دی داینناوە…

ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ئێستاوە روونە دوای ماوەیەکیتر ئەو ''نوێخوازییە''ی دوایکەوتوون تووشی داڕمانی هیواکانیان دەکات.

ئەگەر چاوێک بە میژوودا بخشێنینەوە؛

کوردان پشتیان بە زۆر سوڵتان و ئیمپراتۆر بەستووە، تەنانەت لەپێناوی ئەوان شەڕی گەلانی دیکەشیان کرد و بوونە هاوپشت. بەڵام دیسانەوە قەبووڵ نەکران و بەردەوام بوو لەسەر ئەم دۆخە. لەگەڵ ئەوەی ئەو ئیمپراتۆر و سوڵتانانە یەک لە ئەوەیدیکەیان بێ بەزەییتر بوونە، بەڵام ئەم کولتوورە هەر بەردەوام بووە...        

ئەم هەڵوێستەی کوردان لە سەردەمی کۆماریشدا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهات.

پێشنیازی کۆماریان لەبری ئیمپراتۆر و سوڵتانەکان کرد، بەڵام بینییان کۆمارییەکان لە سوڵتانەکان بێ بەزەییانەترن…

ئەو دەسەڵاتەی کۆماریش هێنایە کایەوە، گۆشەنیگای کوردەکانی نەگۆڕی. ئەفسانەخەیاڵی ''برایەتیی تورک و کورد'' و نەریتی ئەنتی-کورد درێژەی کێشا. ئەمە مێژووی رابردووی ئێمەیە.

هەروەها لە مێژووی نزیکیشماندا بە بردنە دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەردەوامیمان بە نەریتی ''نوێخوازیی رادیکاڵی'' دا. لەگەڵ ئەوەی گۆشە نیگای ئەردۆغان بۆ کورد، بە شێوەیەک جیاواز بوو کە تەنانەت لەگەڵ مامەڵەی دەسەڵاتەکانی پێش کۆماری و دوای کۆماری لەگەڵ کورد، بەراورد نەدەکرا. بەڵام دیسانەوە بە جۆرێک توندڕەو بوو کە ئەوانەی پێش خۆی تێپەڕاند. ئەو بە لە پەلوپۆ خستنی کوردانی باکووری کوردستان نەوەستا، بۆ ئەوەی لەمپەڕ بخاتە بەردەم باشووری کوردستان لەگەڵ تاران و بەغدا جووڵەی کرد. تێکۆشا بۆ ئەوەی خاکی کورد بکەوێتە ژێر رکێفی چەتەکانی حەشدی شەعبی. 

بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی باشووری رۆژئاوای کوردستان پووچەڵبکاتەوە، وەحشیترین رێکخراوی جیهانی لە کوردەکان بەردا و خاکی داگیرکردن. ئەمە کاردانەوەگەلێکی وەهای بەدوای خۆیدا هێنا کە ئەردۆغان مەزەندەی نەدەکرد. لەگەڵ کاردانەوەی نێودەوڵەتی لە تورکیادا ئۆپۆزسیۆنێکی بێ دەنگ دروستبوو. هەروەها ئەو موحافیزکارە کوردانەی ئەویان بردە دەسەڵات، لە ئاکەپە دوورکەوتنەوە، بەمشێوەیە لە رۆژەڤی تورکیادا جارێکیتر ''نوێخوازەکان'' دەرکەوتنەوە... 

جا ئێمەی کوردیش هەر وەک بۆ هەمیشە بێ ئەوەی بپرسین ''ئاخۆ کێن ئەم نوێخوازانە" دووبارە دەکەوینەوە دوایان.

ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ ''نوێخوازان'' بۆ کورد زۆرەملێیە. جارێ با ئێمە جەخت لەسەر ئەم راستییە بکەینەوە. بەڵام دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئەوان بەندە بە دامەزراندنی پارت و دامەزراوەی بەهێزی کوردی. پێویستە لە ئەوان بگەیەندرێت کە گەورەترین کێشەی تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، مەسەلەی کورد و کوردستانە. 

لە بری ئەنجامدانی ئەمە، بەشێک لەو کوردانەی باوەڕیان بە جیاوازبوونی باباجان و داودئۆغڵو لە دەسەڵات و پارتەکانی رابردوو و داهاتوو، تەنانەت کەوتوونەتە جووڵە... 

هەندێک لەوانە چەند مانگێک چاوەڕێی بانگهێشتنامە بوون لەلایەن ''نوێخوازەکان''ەوە بەدەستیان بگات. هەندێکیان ئیکتفایان کرد بە گفتوگۆی بەر دەرگا. هەندێکیشیان حسابی ئەوەیان کرد کە چۆن دەتوانن لەو پارتە تازە دامەزراوانە و ئەوانەی دادەمەزرێن، بتوانن ببنە پەرلەمانتار. 

جا ئەم هەڵوێستە کە لەلایەن کەسانێکی دیارەوە نمایش دەکرێن کە ساڵانێکە پێگەیان لە سیاسەتی کورددا هەیە، خۆی لە خۆیدا کارەساتێکە. 

پێویستە کوردەکان لە هەنگاوەکانیاندا ئەمە لەبەرچاو بگرن کە "نوێخوازەکان" ناتوانن لە ئەردۆغان زیاتر نوێخواز بن. لە مێژووی کۆماری تورکیادا هیچ سیاسەتمەدارێک نەیتوانی هێندەی ئەردۆغان نوێخواز بێت. بەڵام دیسانیشەوە سەرینەگرت. چونکە دەوڵەتی کۆماری تورکیا، دەوڵەتێکە کە لەسەر بنەمای شۆڤێنیی تورک دامەزراوە. رێگەی دەرچوون لەگەڵ ئەو دەوڵەتە لەوەدایە کە کورد پارت و دامەزراوەی خۆی هەبێ.

 جا لێرەدا کوردەکان بەر لەوەی بچنە نێو گفتوگۆی ئەوەی ئەردۆغان؟ یان باباجان؟ یانیش داودئۆغڵو؟ پێویستە ئیدی وەکو جێگرەوەیەک خۆیان بەوەوە سەرقاڵ بکەن کە چۆن بەرەی کوردانیش هەبێت. چونکە مێژوو زۆر بە روونی نیشانماندەدات کە ئەوانەی تازە دێن لەوانە باشتر نابن کە رۆیشتوون یان دەڕۆن. 

رێگەی سەرکەوتن دەکرێ لە دروستکردنی متمانە بەخۆبوون و پێشکەوتنەوە سەرچاوە بگرێت. بەڵام ئەوانەی باوەڕیان بەخۆیان نییە دوای کەسانی دیکە دەکەون.   

بە گوتنی "جێگرەوەیەکی دیکە نییە" و ئیکتفا کردن بە جێگرەوەی هەنووکەیی یانیش ریز بەستن بەدوای خەڵکیتردا، گەورەترین فرسەتهێنانی بەرژەوەندخوازانەیە.

 

رۆژهات ئامەدی

20.12.2019