image


پەیامی کورد... هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوێد بەڕێوە چوو

هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی "یۆتۆبۆری" بە هەوڵی ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی هونەرە جوانەکانی "یۆتۆبۆری" و بە بەڕێوەبردنی شانۆی "مەرگی ئاو" لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوێد بەڕێوە چوو.

ئەو فێستیڤاڵە بە هەوڵی ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بە دروشمی "نەهێشتنی توندوتیژی نێو بنەماڵە" و بە بەڕێوەبردنی شانۆی "مەرگی ئاو" لە نووسینی "یەڵدا حوسێن" و لە دەرهێنانی "بەکر ڕەشید" بەڕێوە چووە.

ئەو شانۆیە لە چوار سانسدا لە ڕۆژەکانی ٢٨ و ٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو و لە ڕۆژەکانی ١٩ و ٢٠ی ئاگۆستی ئەمساڵدا لە ساڵۆنی ئامفی تەئاتری "دراماتیک گوتبۆرگ" لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوێد بەڕێوە چووە و لەلایەن خوازیارانی ئەو بوارەوە پێشوازیی گەرمی لێکراوە

شانۆی "مەرگی ئاو" بەپێی چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەرهێندراوە کە لە شانۆکەدا "ماریا سامی" بە دەستی بنەماڵەکەی دەکوژرێت.

ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی هونەرە جوانەکانی "یۆتۆبۆری" لە ئێستادا خەریکی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی یۆتۆبۆرییە کە لە ڕۆژەکانی ٥ و ٦ی سەرماوەزی ئەمساڵدا لە ساڵۆنی "فالکت هیوس" لە ناوچەی "هامرکۆلن" لە شاری یۆتۆبۆری بەڕێوە دەچێت.