image


پەیامی کورد … جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە

 

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ جووڵەی بازرگانی زۆر زیادی كردووە بە شێوەیەك لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و 800 مامەڵەی بازرگانی كراوە.

 

نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، "ئێمە هەموو ئاسانكارییەك بۆ بازرگانان دەكەین بۆ كاری بازرگانی لە رووی رۆتین و هەموو كارەكانی دیكەوە، بۆیە لە هەر شوێنێك كاریان پێمان هەبێت، بۆیان جێبەجێ دەكەین".

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ مامەڵەی بازرگانی بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر جیاوازیی هەیە و زیادی كردووە.

 

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی ھەرێم ئاماژەی بەوەشدا، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا دوو هەزار و500 مامەڵە لە بواری بازرگانیدا كراوە، بەڵام ئەمساڵ دوو هەزار و800 مامەڵەی بازرگانی كراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بەراورد بە ساڵی رابردوو 300 مامەڵە جیاوازیی هەیە.

 

دەشڵێت، ئەو ژمارەیەش ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە كە جووڵەی بازرگانی لە زیادبووندایە.

 

نەوزاد كامیل لە بارەی جیاوازی هەناردەكردن و هاوردەكردنی كاڵاوە باسی لەوەشكرد، "مامەڵەی هەناردەمان كەمە و تەنها ھاوردەمان زۆرە و ئەوەی هەناردە رەنگە نزیكەی 50 مامەڵە كرابێت ئەویش چەند جۆرێكی مامەڵەی بازرگانییە كە كەلوپەلی ناوخۆ هەناردەی دەرەوە كراون."