image


پەیامی کورد... عێراق: سەرجەم بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە تورکیا لە هێرشەکەی زاخۆ تێوەگلاوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە تورکیا لە هێرشەکەی سەر زاخۆدا تێوەگلاوە.

ئەمڕۆ شەممە ٦ی ئابی ٢٠٢٢، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "عێراق تا ئێستا هانی سەرجەم هاوبەش و دۆستەکانی دەدات بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەکەی لە ئەنجامی کاری لیژنەی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و ئەندامێتیی فەرماندە ئەمنییەکان سەبارەت بە بۆردوومانەکە بڵاو کرایەوە."

ئەو وتەبێژە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی، "ڕاپۆرتی لیژنەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی تورکیا تێوەگلاوە لە هێرشەکەی ئەمدواییە کە خۆی لە بۆردوومانکردنی هاوینەهەوارێک لە دهۆک دەبینێتەوە، سەرجەم بەڵگە و شایەتە لۆژیکییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە عێراق دەیبینێ، وڵاتانی هاوبەش و دۆستەکانیش هەڵوێستی خۆیان نیشاندا بە ئیدانەکردنی بۆردوومانەکەی تورکیا."

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی دەرەوە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ئەو کاتەی پەنای بردە بەر ئەنجوومەنی ئاسایش، ٢٢ هەزار و ٧٤٢ کەیسی پێشێلکردن و پەلاماری تۆمار کردووە، جگە لە ٢٩٦ پەیام و یاداشتی ناڕەزایەتی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دژ بە لایەنی تورکی لەو چوارچێوەیەدا ئاراستەکراون.

ڕۆژی ٢٠ی ٧ی ٢٠٢٢، بەهۆی تۆپبارانکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ٩ کەس شەهیدبوون و ٢٩ کەسی دیکەش برینداربوون، جیا لەوەش چەندین بەیاننامەی ناڕەزایی لەمبارەیەوە دەرکران. لای خۆشیەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوای کرد تورکیا خاکی عێراق بەجێ بهێڵێت، هۆشداریشیدا لە "بەردەوامی مامەڵە دوژمنکارییەکانی ئەو وڵاتە و وتی، "مامەڵەکانی تورکیا دوژمنکارییە بەرامبەر خاک و سەروەری و هاووڵاتییانی عێراقی".