image


پەیامی کورد... بەرگری ڕووسیا دوایین ئامارەکانی شەڕی ڕاگەیاند

وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی بەردەوامن لە بەرەوپێشچوون لە ناوچەکانی دەوروبەری دۆنباس و کریمیا و خارکێڤ، هەروەها، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی "پاراستنی ناوچەکانی دۆنباس"، چوار هەزار و ٣٣٤ تانک و زرێپۆشیان تەقاندوەتەوە و ٢٦٧ فڕۆکەی هێرشبەر و هەزار و ٧٤٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بخەنەخوارەوە.

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی Russia Today، ئیگۆر کۆنەشێنکۆف، وتەبێژی وەزیری بەرگری ڕووسیا ئەمڕۆ لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، تەنها ئەمڕۆ هێزە ئاسمانییەکانی سوپای وڵاتەکەی توانیویانە لە هێرشێکدا بۆسەر چەند پێگەیەکی سوپای ئۆکراینا ٧٠ سەرباز بکوژن و ١٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی ئەو وڵاتەش تێک بشکێنن.

باسی لەوەش کردووە، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی پاراستنی ناوچەکانی دۆنباس-وە ٢٦٧ فڕۆکەی هێرشبەر و ١٤٨ هەلیکۆپتەر و ٣٦٥ سیستەمی دژە ئاسمانی سوپای ئۆکراینایان تێک شکاندووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانیان توانیویانە هەزار و ٧٤٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چوار هەزار و ٣٣٤ تانک و زرێپۆش و ٧٩٩ مووشەک (هاژە) هاوێژی ئۆکراینا بتەقێننەوە.

ئەوەشی خستە ڕوو، سێ هەزار و ٣١٠ تۆپهاوێژ و چوار هەزار و ٩٢٢ ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای ئۆکراینا لەلایەن هێزەکانی وڵاتەکەیەوە تێکشکێندراون.