image

پەیامی کورد      ...    بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل " مووساد " پەیامێکی گرینگ لە سەر ئێران بڵاو دەکاتەوە

"یووسی کوهن": ئیسرائیل لە ڕێگای دزەکردنە هەواڵگرییەکانی خۆیەوە لە ئێران، ڕێگا نادات ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات

''یووسی کوهن''، بەرپرسی پێشووی "مووساد"، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کرد ئیسرائیل زانیاری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێراندا هەیە و جەختی کردووەتەوە کە ووڵاتەکەی هیچ کات ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

کوهن، ڕۆژی پێنجشەممە لە کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل وتوویەتی: "لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زانیارییەکی قووڵی هەیە".

ناوبراو بەبێ دانپێدانانی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕۆڵی "مووساد" لە تەقینەوەکانی ئەم دواییانەی "نەتەنز" وتوویەتی کە پێشتر لە "نەتەنز" سانتریفیوژەکان کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا لەکار کەوتوون.

هەروەها کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز ئەو بناغەیەی کە سانتریفیوژەکانی لەسەر دامەزرابوون لە بەردی مەڕمەڕ پێک هاتبوو و ئەو بەردە ڕێژەیەکی زۆری ماددەی تەقەمەنی تێدا بووە.

ئەو بەرپرسەی پێشووی ئیسرائیل دەربارەی کوژرانی ''موحسێن فەخریزادە'' لە بەرپرسانی باڵای بەرنامەی ناوکیی ئێران وتوویەتی: ''مووساد چەندین ساڵ بوو فەخریزادەی خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە و پێش لە کوژرانی ناوبراو لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوو لە بواری فیزیکییەوە لە فەخریزادە نزیک بوو''.

ناوبراو وتوویەتی: '' کەسێک کە توانایی ئەوەی هەبێت هاووڵاتیانی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە، دەبێ نەمێنێت''.

"یووسی کوهن" بەنیسبەت ئەو بەڵگە و زانیارییانەی کە ئیسرائیل لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا هەیەتی، وتوویەتی: "ئامانج لە ڕاگەیاندنی دەستپێڕاگەیشتن بەو بەڵگانە ئەوەیە کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی ووڵاتانی جیهان لەو هەڕەشەیە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش ئەو پەیامە وەرگرن کە یەکەم ئیسرائیل لەنێو ئەواندا دزەی کردووە و دووهەم لەژێر چاوەدێریدان و سێهەم ئەوەیە کە سەردەمی شاردنەوەی درۆوەکان کۆتایی پێهاتووە".