image


پەیامی کورد... دابەشكردنی ئاردی خۆڕایی لە پاکستان گیانی لەدەستدانی حەوت کەسی لێدەكەوێتەوە


میدیا ناوخۆیەكانی پاكستان ڕایدەگەیەنن لە هەرێمەکانی خەیبەر پختونخوا و پەنجاب-ی پاکستان بەهۆی ئەو قەرەباڵەغییەی کە لە دابەشکردنی ئاردی خۆڕایی لەلایەن حکوومەتەوە درووستبوو حەوت کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانییان ژن بوون و ژمارەیکی زۆریش برینداربوون.

میدیا ناوخۆییەکانی پاکستان بڵاویانكردۆتەوە: راگەیاندنی حکوومەتی فیدڕاڵی کە بڕێکی سنووردار ئاردی بێبەرامبەر لە هەرێمەکانی خەیبەر پختونخوا و پەنجاب دابەش دەکات، قەرەباڵەغی و بێسەروبەری لێکەوتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو: لە شارەکانی موڵتان، موزەفەرگاه و فەیسەڵئابادی هەرێمی پەنجاب چوار کەس بەهۆی قەرەباڵەغییەوە گیانیان لەدەستدا، هەروەها لە شارەکانی باننو و چارسەدەی هەرێمی خەیبەر پختونخوا-ش سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوانیان ژن بوون.

ئەو گرتەو دیمەنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە دەری دەخات كەژمارەیەکی زۆری خەڵک چوونەتە سەر بارهەڵگرەکان و هەوڵ دەدەن ئارد ببەن و ژمارەیەکیش خۆیان بە بارهەڵگرەکە کە لە رۆیشتندایە هەڵواسیوە و ئارد فڕی دەدەنە خوارەوە.

لەلایەكی ترەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، نارەزایەتی لە بەرامبەر حکوومەت و پۆلیس بەهۆی ئەوەی رێوشوێنی پێویستیان لە دابەشکردنی ئارددا نەگرتووەتەبەر نیشاندرا.

شایەنی باسەپێشتر رۆژی ٨ی کانوونی دووەم لە هەرێمی سیند-ی پاکستان بەهۆی قەرەباڵەغی زیانبەرکەوتووانی لافاوەکان بۆ وەرگرتنی ئارد کە حکوومەت بە نرخی کەمکراو دەیفرۆشت، کەسێک گیانی لەدەستدابوو.