
پەیامی کورد... دادگای سزادانی نێودەوڵەتی، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ پوتین دەرکرد
دادگای سزادانی نێودەوڵەتی، رایگەیاند لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بەو تاوانانەی لە ئۆکراینا ئەنجامدراون، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراینا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و کۆمیساری رووسیا بۆ مافەکانی منداڵان، ماریا ئەلێکسیڤنا لڤۆڤا-بێلۆڤا دەرکردووە.
دادگای سزادانی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بەهۆی تاوانی رفاندنی منداڵانی ئۆکراینی بۆ رووسیا لە کاتی جەنگی رووسیا و ئۆکراینادا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتین و لڤۆڤا-بێلۆڤا دەرکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەردوو تۆمەتبارەکە بەشدارییان لە تاوانی بردنی منداڵانی ئۆکراینی بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ رووسیا کردووە، هەروەها راگەیەندراوە کە پوتین بەرپرسیارە بەهۆی ئەوەی رێگری لەو کەسانە نەکردووە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودابوون.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری دەستگیرکردنەکە لەسەر داوای داواکاری گشتیی دادگای سزادانی نێودەوڵەتی لە بەرواری ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٣ دەرچووە .
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرەتا بیر لەوە کراوەتەوە فەرمانی دەستگیرکردنەکە بە نهێنی بهێڵدرێتەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تاوانەکان هێشتا بەردەوامن، دادگا بڕیارەکەی بۆ رای گشتی راگەیاند بە مەبەستی رێگریکردن لە تاوانە نوێیەکان.