image


پەیامی کورد … ٦٠٪ی دانیشتوانی عێراق یاری پەبجی دەكەن

 

بەپێی راپۆرتێكی بەریتانی، زۆری بێكاری و بارودۆخی سیاسی و ئابوریی كە عێراقی تێدا تێپەڕدەبێت، بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر گەنجان بۆ راكردن لە كێشەكانیان پەنا بۆ یاری "PUBG" ببەن.

رۆژنامەی "زە ناشناڵ"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، ڤێرژنی یاری پەبجی لە عێراق هەوادارێكی زۆری هەیە و بەپێی سەرژمێرییەكان ٦٩%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە كە ژمارەیان ٤٠ ملیۆن كەسە كە زۆرینەیان ئەوانەن تەمەنیان لە ٢٥ ساڵ كەمترە ئەو یاریە ئەلكترۆنییە بكەن.

 

رونیشكراوەتەوە، تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی بە نەوەی نوێ دەوترێت "نەوەی پەبجی"، عێراقییەكان لەسەرجەم ناوچەكانی ئەو وڵاتە رۆژانە چەندین كاتژمێر بەدیار ئەو یاریەوە بەسەر دەبەن، كە بریتییە لە پەیوەندی دەنگی و یاری شەڕ و ركابەری.

 

ئەبو خەلیل كە هاوڵاتییەكی عێراقی تەمەن ٣١ ساڵ بە رۆژنامەكەی وتووە، بەشێك لە دایك و باوكی گەنجان رەخنە لە یاریەكە دەگرن و پێیان وایە بەفیڕۆدانی كاتە و نیگەرانن لەو توندوتیژییەی تێیدایە، دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجان بەرووی جیهانی دەرەوەیاندا داخراوبن و كاریگەری ئەو یاریە وەك كاریگەری مادە هۆشبەرەكان سەیر دەكەن.

 

بەڵام رێشار ئیبراهیم كە یەكێكە لەو كەسانەی ئەو یاریە دەكات وتویەتی، هەرگیز یاریەكە وەك ئەو بارودۆخە خراپ نابێت كە لە ژیانی راستەقینەدا بۆ چەندین دەیە عێراقیەكانی پێدا تێپەڕدەبن و كێشمەكێشەكان بوونەتە هۆی لەناوبردنی وڵات.

 

رۆژنامەكە ئەوەشی رونكردووەتەوە، دوای راپۆرتەكان لەسەر یاریەكە كە دەبێتە هۆی مایەپوچ بوون و خۆكوشتن و جیابونەوەی هاوسەران لەیەكتری، لەساڵی ٢٠١٩ پەرلەمانی عێراق بڕیاری قەدەغەكردنی یاریەكەی دەركرد، بەپێی راپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتیش ٤٠%ی گەنجانی عێراق بێكارن و رێژەی هەژاریش لەو وڵاتە لەكاتی پەتای كۆرۆنادا گەیشتووەتە ٤٠%.