image



پەیامی کورد... ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ داخستنی بەندیخانەی گوانتانامۆ چڕ کردووەتەوە


ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا، هەوڵەکانی بۆ داخستنی بەندیخانەی گوانتانامۆ چڕ کردووەتەوە و هەوڵ دەدرێت دیپلۆماتکارێکی نوێ بۆ سەرپەرشتی زیندانییەکان ئامادە بکرێت.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ، ئیدارەی جۆو بایدن، دیپلۆماتکارێکی سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامای بەناوی تینا کایدانۆ، وەک نوێنەری تایبەت بۆ خێراکردنی ڕێوشوێنەکانی داخستنی بەندیخانەی گوانتانامۆ دامەزراندووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن کە جۆو بایدن بە هاوڵاتیانی ئەمریکای دابوو، داخستنی ئەو بەندیخانەیە بوو بۆیە ئێستا لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی نزیک بووەتەوە.

بەندیخانەی گوانتانامۆ بەشێکە لە پێگەیەکی سەربازی ئەمریکا لە سەر خاکی کوبا و دوای هێرشەکانی ١١ی سێبتەمبەری ساڵی ٢٠٠١، بەرپرسانی هێرشەکەی بۆ گوازراوەتەوە، کە لە ٤٠ یەکە پێکهاتووە و هەر یەکەیان حەوت زیندانی لەخۆدەگرێت.