image


پەیامی کورد... ئەفغانستان، دەیان کەس بە هۆی سەرما و سۆڵە مردوون

ئەفغانستان ساردترین زستانی ساڵانی رابردوو بەڕێدەکات، بەتایبەتی ماوەی دوو هەفتەیە سەرمایەکی زۆر باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە و ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی نالەباری رەوشی کەشوهەوا و سەرماوسۆڵەوە لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ 157 کەس.

گوتەبێژی وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری کارەساتە سروشتییەکان شەفیعوڵڵا رەحیمی سەبارەت بە بابەتەکە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند: تا ئێستا 157 کەس لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین حاڵەتیش لە ویلایەتەکانی گۆر، بەدەخشان، پاکتیکا و پاکتیا تۆمارکراوە.

ووتیشی: بەهۆی سەرماوسۆڵەوە،تاكو ئێستا زیاتر لە 75 هەزار سەر ئاژەڵ لەناوچوون.

کەشناسی ئەفغانستان بڵاوی کردۆتەوە پلەکانی گەرما لە شەودا لە کابولی پایتەخت دادەبەزێت بۆ 10 پلە ژێر سفری سەدی و لە هەندێک ناوچەی ئەفغانستان بۆ 30 پلەی ژێر سفری سەدی.

باسی لەوەش كردوە:کە ئەو سەرمایەی ئەمساڵ وڵاتەکەی گرتووەتەوە بە بەراورد بە پار ساڵ دوو هێندە زیادی کردووە و لە ویلایەتی غۆر-یش سەختترین زستان بەڕێدەکرێت.

شایەنی باسە لە وەرزی سەرماوسۆڵەدا، بەهۆی نالەباری رەوشی کەش و هەواوە، هاتوچۆکردن سەخت دەبێت و رێکخراوەکانی گەیاندنی هاوکارییش دووچاری ناڕەحەتی دەبن لە گەیشتن بە خانەوادە هەژارەکان.