image


پەیامی کورد... ئه‌مریكا: درۆنێکی ئێرانیمان له‌ کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەر دوور خسته‌وه‌


درۆنێکی ئێرانی لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەری ئەمریکی لەکەنداو نزیکبووەتەوە، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئه‌مریكاوه‌ دوورخراوەتەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، "درۆنێکی ئێرانی کە بەشێوەیەکی ناسەلامەت و بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە لە نزیک کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەری ئەمریکی لە ئاوەکانی کەنداو نزیکبووەتەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانییان رووبەڕووی بوونەتەوە و دووریانخستووتەوە".

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هێزەکانیان بەردەوامی بەجوڵە و مانۆڕی سەربازیی لەو جێگەیانە دەدەن، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان رێگەی پێداوە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ پێشتر و له‌ 4ی تشرینی دووه‌می 2023، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی تۆکمەکردنی هێزەکانیان، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەر گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.