
پەیامی کورد... یەكەمین ئۆتۆمبێلی وزەی خۆر كەوتە بازاڕەكانی جیهانەوە
كۆمپانیای (لایت ییەر)ی هۆڵەندی ئۆتۆمبێلێكی بەرهەمهێناوە كە بە وزەی خۆر كاردەكات و ئەوەش دەبێتە یەكەمین ئۆتۆمبێل لە جیهاندا كە بە سەركەوتویی سود لە وزەی خۆر وەربگرێت و كاری پێبكرێت.
كۆمپانیاكە بڵاویكردۆتەوە، ئۆتۆمبێلی Lightyear 0 (لایت ییەر زیرۆ) بەشی سەرەوەی پێكهاتوە لە كۆمەڵێك پانێڵی خۆر و لەو رێگەیەشەوە دەتوانێت وزە لە تیشكی خۆرەوە وەربگرێت و مەودای 69 كیلۆمەتر لە رۆژێكدا بۆ بەكارهێنان بەرهەمدەهێنێت، دیزاینەكەی بە شێوەیەكە كە كەمترین راكێشانی ئایرۆداینامیكی و هێزی ئەسپیی 174ـە.
بڵاویشكراوەتەوە، ئۆتۆمبێلەكە پێویستی بە 10 چركەیە بۆئەوەی خێراییەكەی بگاتە 60 میل لە كاتژمێرێكدا، هەروەها بەرزترین خێرایی بۆ 100 میل لە كاتژمێرێكدا دیاریكراوە، باترییەكی بچوكی هەیەو كێشەكەی هاوشێوەیە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی، لە بری ئاوێنەش كامێرای بچوك لەلای راست و چەپی ئۆتۆمبێلەكە هەیە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی با.
ئێستا بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەكە دەستیپێكردوە نزیكەی 150 داواكاری پێشوەختەی هەبوە، كۆمپانیای لایت ییەر نیازی ئەوەی هەیە رێژەی بەرهەمهێنانی ساڵانە بۆ هەزار ئۆتۆمبێل بەرزبكاتەوە.