image


پەیامی کورد... ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی: بۆردومانکردنی غەززە بە سەختی جێگای مەترسییە


بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، تێدرۆس ئەدھانۆم گێبرێیسس ھۆشداری ئەوەی دا کە ئێستا کەرتی غەززە لەڕووی تەندروستییەوە بە دۆخێکدا تێپەڕ دەبێت، کەس پێشبینی ناکات و ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن، غەززە بەسەختی بۆردومان دەکرێت، جێگای مەترسییە.

تێدرۆس ئەدھانۆم گێبرێیسس لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکاندا، باس لەوە دەکرێت، کەرتی غەززە بەسەختی بۆردومان دەکرێت کە ئەوەیش جێگای مەترسییە.

ڕاشیگەیاندووە کە دوێنێ شەممە، تیمەکانی سەربە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، سەردانی نەخۆشخانەی نەسار-یان لە باشووری کەرتی غەززە کردووە کە بۆیان دەرکەوتووە ھەزار نەخۆش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن لە کاتێکدا نەخۆشخانەکە توانای وەرگرتنی ھەموو ئەو نەخۆشانەی نییە.

باسی لەوەیش کردووە کە تیمەکانیان لە نەخۆشخانەکە ئەوەیان بینیوە کە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بەدوای شوێنی حەوانەوەدا دەگەڕێن، جگە لەوەیش نەخۆشێکی زۆر لەبەر نەبوونی جێگای پێویست لەسەر زەوی چارەسەر وەردەگرن.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، تێدرۆس ئەدھانۆم گێبرێیسس ڕاشیگەیاندووە: "ئێستا کەرتی غەززە لەڕووی تەندروستییەوە بە دۆخێکدا تێپەڕ دەبێت، کەس پێشبینی ناکات، جارێکی دیکە داوا دەکەم لێکتێگەیشتنی ڕاگرتنی مرۆیی شەڕ لە غەززە ڕابگەیەندرێت".