
پەیامی کورد... ڤلادیمێر پۆتن: هه‌مووان چاوه‌ڕوانی كه‌وتنی ئابووری رووسیایان ده‌كرد، به‌ڵام ئێمە سەركەوتین
سه‌رۆكی رووسیا رایگەیاند، هه‌مووان چاوه‌ڕوانی كه‌وتنی ئابووری رووسیایان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه رووی نه‌دا، دەشڵێت، رۆژئاوا شەڕ بە هاوپه‌یمانانمان له یه‌كێتی ئۆراسیا دەفرۆشێت.
لەمیانی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی ئه‌نجوومه‌نی ئابووری ئۆراسیا ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا وتارێکی پێشکەشکرد و رایگه‌یاند، هه‌مووان چاوه‌ڕێی كه‌وتنی ئابووری رووسیا بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی بوون، نه‌هاته‌دی.
پوتن ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژئاوا هه‌وڵ ده‌دا هاوپه‌یمانانمان له یه‌كێتی ئۆراسیا باوه‌ڕ پێبهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا نه‌كه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش چه‌ندین شێوازی سزادان و شێوازه‌كانی دیكه‌ی شه‌ڕپێفرۆشتن به‌كارده‌هێنن.
باسی لەوەش کرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رووسیا گاز بۆ ئه‌ورووپا ده‌نێرێت، به‌ڵام پۆڵه‌ندا و ئۆكرانیا بۆریی گازیان داخستووه، هاوكات ئۆكرانیا له‌م نێوه‌نده‌دا توانیویه‌تی سوود له داهاته‌كانی ترانزێت وه‌ربگرێت.
سه‌رۆكی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، رووسیا له میانی به‌كارهێنانی دراوی نیشتمانی، رێڕه‌وێكی جیاوازی گرته‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی دۆستی نین، هاوكات زیادكردنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی دیكه‌ی دۆست. روونیشیكرده‌وه، مامه‌ڵه‌كردن به دراوی نیشتمانی، واته دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دارایی ناناوه‌ندی، كه پشت به ره‌گه‌زێكی دیاریكراو و به‌سیاسیكراو نابه‌ستێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئه‌نجوومه‌نی ئابووری ئۆراسیا به به‌شداری سه‌رۆكی وڵاتانی رووسیا، بیلارووسیا، ئه‌رمینیا، كازاخستان و قیرغستان له‌ژێر دروشمی “ته‌واوكاری ئۆراسیا له جیهانی فره‌جه‌مسه‌ردا” به‌ڕێوه‌ده‌چێت.