image



پەیامی کورد... لەدوای کۆتایی ئاگربەست ئیسرائیل زیاتر لە 400 پێگەی لە غەززە بەئامانج گرتووە؛ 240 کەس کوژراون

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە کاتی کۆتاییهاتنی ئاگربەستەوە زیاتر لە 400 پێگەی لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش دەڵێت، تا ئیستا 240 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون لەدوای تەواوبوونی ئاگربەست.

ماوەی دوو رۆژە ئاگربەستی حەوت رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە کە لە 24ی مانگی رابردوو دەستیپێکرد و تێیدا 60 بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرامبەر 180 زیندانی فەڵەستینی ئازادکران.

رۆژی هەیینی ئاگربەست کۆتای پێهات و جەنگ دەستپێکردەوە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانی دەریایی، ئاسمانی و زەمینی ئیسرائیل زیاتر لە 400 پێگەیان بە ئامانج گرتووە لەوانە، چەند ناوچەیەک لە خان یونس لە غەززە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، فڕۆکەکانی سوپا مزگەوتێکیان لە باکوری غەززە بۆردومان کردووە کە لەلایەن گروپی جیهادی ئیسلامی وەک ناوەندێکی فەرماندەیی بەکارهێنراوە.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاندووە، لەکاتی دەستپێکردنەوەی شەڕەوە تا ئێستا 240 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 650 کەسیش بریندار بوون.