image


پەیامی کورد … لە میسر ١٢ سەرکردەی ئیخوان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپا

 

دادگای پێداچوونەوەی میسر سزای لە سێدارەدانی بۆ ١٢ سەرکردە و ڕابەری باڵای کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین دەرکرد، لەسەر روداوی گردبوونەوەی گۆرەپانی ڕابیعەی عەدەوی لە ساڵی ٢٠١٣.

 

دادگای پێداچوونەوە لە بڕیارەکەیدا پشتیوانی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی کردووە  بەسەر هەریەکە لە (محەمەد بەڵتاجی، سەفوەت حجازی، ئوسامە یاسین، ئەحمەد عارف، ئیهاب وەجدی، محەمەد عەبدولحەی، مستەفا عەبدولحەی، ئەحمەد فاروق، هەیسەم سەید عەرەبی، محەمەد مەحمود ، عەبدولعەزیز ئیبراهیم).

 

هاوکات دادگا سزای لەسێدارەدانی سوککرد لەسەر ٣١ تۆمەتبار بۆ زیندانی هەتا هەتایی و پشتیوانیکردن لە تەواوی حوکمەکانی دیکەی دادگا.

 

روداوی گردبوونەوەی گۆڕەپانی رابیعەی عەدەوی لە ساڵی ٢٠١٣، بە هەزاران کەس لە لایەنگرانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین گردبوونەوە، وەک ناڕەزاییەک لە دژی دوورخستنەوەی محەمەد مورسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە.

 

دەسەڵاتدارانی ئێستای میسر بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح سیسی لەکۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣، کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینیان وەک گروپێکی تیرۆریستی ناساند و هەموو چالاکییەکانیان قەدەغە کرد و زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی خرانە زیندانەوە.