
پەیامی کورد... لە ئەنجامی داڕمانی لووتکەی شاخێک لە چین ١٤ کەس گیانیان لە دەست دا
دەسەڵاتدارانی ناوچەی سی شوان لە چین رایانگەیاند، لە ئەنجامی داڕمانی لووتکەی شاخێک لە ناوچەکەیان لە خۆرهەڵاتی چین ١٤ کەس گیانیان لە دەست دا و پێنج کەسی دیکەش بێ سەر و شوێن بوون.
حکومەتی ناوچەی سی شوان لە راگەیەنراوێکدا کە لە ئینتەرنێت بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردوە، کاتژمێر ٦ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی بارینی بارانی بەخووڕ لووتکەی چیایەک بەسەر کێڵگەی جووتیاران و دارستانێکدا داڕماوە لە نزیک شاری لی شان.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە ئەنجامی رووداوەکە ١٤ کەس گیانیان لە دەست داوە و پێنج کەسی دیکە بێ سەر و شوێن بوون و تیمەکانی فریاگوزاری تاوەکو ئێستا سەرقاڵی گەڕانن بە دوای کەسە بێ سەر و شوێنەکاندا.
تەلەڤزیۆنی فەرمی چین بڵاوی کردەوە، زیاتر لە ١٨٠ کارمەندی تیمە فریاگوزارییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی گەڕان و پشکنینن.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر ناوەندی چاودێری کەشناسی ناوچەی سی شوان هۆشداری دابوو لە بارینی بارانێکی بە خووڕ لە ناوچەکە و دروستبوونی لافاو.
هەرێمی سی شوان دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوییەوە و لە دووری ٢٤٠ کیلۆمەتر لە پایتەختی هەرێمی چەنگ دوو.
بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوی و دارستانی چڕی هەیە، ساڵانە رووداوی داڕمانی شاخ و بوومەلەرزە روو دەدەن.