
پەیامی کورد... لە ئێران کەسێک بە چەقۆ ١٠ کەسی دیکەی کوشت
پۆلیسی پارێزگای کرمان کەسێکیان دەستگیر کرد، کە ١٠ کەسی بە چەقۆ کوشتووە و هۆکارەکەشی کێشەی تایبەتیی نێوانیان بووە.
میدیاکانی ئێران بڵاو یان کردەوە، کەسێکی ئەفغانییان دەستگیرکردووە، کە ١٠ جووتیاری بە چەقۆ کوشتووە دوای ئەوەی لەسەر پارچە زەوییەک دەبێت بە کێشەیان.
ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی بەنیاز بووە بەرەو شاری ڕەفسنجان ڕابکات تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە.
کوژراوەکان چواریان ئێرانین و شەشیان ئەفغانین، هەروەها کەسێکیش بریندارە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە لەڕووی دەروونییەوە جێگیر نییە و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانە.
ئاژانسەکە باسی لەوە کردووە، بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێرانەوە لە چەند ساڵی دواییدا توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتن زیادیانکردووە، ئەمساڵیش بەهۆی وشکەساڵی و کەمئاوییەوە کێشەی زۆر لەنێوان جووتیاراندا لەسەر ئاوی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دروست بووە.