image


پەیامی کورد... یەکەم حاڵەتی ئاوڵەی مەیموون لە ئیمارات تۆ مار کرا

ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتی ئیمارات تۆمار کرا.

وەزارەتی تەندروستیی ئیمارات بڵاوی کردەوە ئەمڕۆ یەکەم تووشبووی ئاوڵەی مەیموونیان تۆمار کردووە، کە ئافرەتێکی تەمەن ٢٩ ساڵە و لە گەشتێکی ڕۆژئاوای ئەفریقاوە گەڕابووەوە ئیمارات، ئێستا چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژانە ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتانی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و جۆرێک لە مەترسی بۆ سەر جیهان دروست کردووە و دوێنێ دووشەممەش سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕای گەیاند کە جیهان لەم قۆناغەدا بەدەست هەر سێ تەنگژەی بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون، پەتای کۆرۆنا و شەڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرایناوە دەناڵێنێت.

تیدروس ئەدهانۆم گیبریسوس سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هۆشداری دابوو لەوەی جیهان ڕووبەڕووی تەنگژەی گەورە بووەتەوە و لە یەک کاتدا لەژێر هەڕەشەی کۆرۆنا، شەڕ لە ئۆکراینا و ئاوڵەی مەیمووندایە.

ئەم هۆشدارییەی ئەدهانۆم لەمیانی کۆنگرەیەک هات لە جنێڤ، کە میوانداری پسپۆڕانی تەندروستی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو، بۆ لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون لە ١٥ وڵاتی دەرەوەی کیشوەری ئەفریقا.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووش، وەزارەتی تەندروستی لە حکومەتی بەلجیکا بڕیاری دا دەبێت تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەناو ماڵی خۆیاندا کەرەنتینە بکرێن.

بەربڵاوبوونەوەی خێرای ئاوڵەی مەیموون ترسی گەیاندووەتە وڵاتانی ئەورووپا و ڕۆژئاوا، هەندێک پێشبینی دەکەن ئەم ئاوڵەیە مەترسییەکی نوێ بێت، کە لە زۆر ڕووەوە ترسناکترە لە پەتای کۆرۆنا، بەتایبەتی لە ڕووی ڕێژەی مردنی تووشبووانەوە.

وەک لە ڕاپۆرتە سەرەتاییە پزیشکییەکان ڕوون کراوەتەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون و بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون، پەیوەندی و جووتبوونی هاوڕەگەزخوازانە، ئێستاش کە ئەورووپا لە وەرزی ئاهەنگەکانی شانازی هاوڕەگەزخوازان نزیک دەبێتەوە و لە چەندین گەورە شاری ڕۆژئاوادا هاوڕەگەزخوازان تێکەڵ دەبن و ئاهەنگی بەرفراوان دەگێڕن، مەترسی دەکرێت بڵاوبوونەوەی ئاوڵەکە خێراتر بێت.