
پەیامی کورد... ئەڵمانیا جەخت لە بەردەوامی هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی کوردستان دەكاتەوە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و تۆبیاس تونكێل بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاو شاندێكی یاوەری كۆبونەوە.
بەپێی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ناوچەكە بەگشتی، پەیوەندییەكانی هەولێرـ بەغداو هەروەها پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خراونەتە بەر باس و گفتوگۆ.
راشگەیەنراوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا كردوەو پوختەیەكی دەربارەی دوا سەردانی بۆ بەغداو دیدارو كۆبونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عیراق خستۆتەڕوو.
باسلەوەشكراوە كە تونكێل باسی لە ئامانج و بەرنامەی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كردوەو ویستی وڵاتەكەی لە بەردەوامی هاوكاری و پشتگیری بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی هەولێرـ بەغدا نیشانداوە.
لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا دۆخی ئەمنیی ناوچەكە بەگشتی، ئاوارەو پەنابەران و رەخساندنی زەمینە بەمەبەستی گەڕانەوەیان و جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال تاوتوێكراون و جەختیان لە بەردەوامی یارمەتی مرۆیی ئەڵمانیا بۆ ئاوارە و پەنابەران دووپاتكردۆتەوە.