image

پەیامی کورد     ...   ئامانجەکانی سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا و دیداری لەگەل جۆ بایدن ئاشکرا دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکارێکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی سه‌ردانه‌که‌ی موسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی بۆ واشینتۆن ئاشکرا دەکات و دەڵێت باس لە خشته‌ی که‌م کردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئەمریکا لە عێراق و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن دەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت، لەو سەردانەدا لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوه، یەکێک لە ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر کاتی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، پەرلەمانتارێکیش جەختی لە گرینگی سەردانەکەی کازمی کردەوە کە تایبەت و بەرهەمدار دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حسێن عه‌لاوی راوێژکاری موسته‌فا کازمی رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌که‌ی کازمی وه‌ک به‌شێک له‌ چوارچێوه‌ی دیالۆگی ستراتیژی عێراقی-ئه‌مریکی ده‌بێت، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی خشته‌ی که‌م کردنه‌وه‌ی هێزه‌ راوێژکارییه‌کانی ئه‌و ووڵاته‌ له‌ خاکی عێراق ده‌کرێت، هه‌روه‌ها خشته‌یێکیش دیاری ده‌کرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌غدا و واشینتۆن بۆ سه‌رده‌می پێش داگیرکردنی مووسڵ له‌ ساڵی ٢٠١٤ دا.

ناوبراو ووتیشی، "کازمی کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و ئه‌مریکا له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ربازیه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ چوارچێوه‌ی گشتگیر له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌هه‌ندی سیاسی – ئابووری".

ڕاوێژکارەکەی کازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، یه‌کێکی دیکه‌ له‌ ئامانجه‌کانی سه‌ردانه‌که‌، پته‌و کردنی ئابووری عێراقه‌ ئه‌وه‌ش به‌کارکردن له‌گه‌ڵ گرووپی په‌یوه‌ندی و سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌ سپیه‌ی که‌ حکوومەت خستویه‌تیه ‌ڕوو چاکسازی له ‌ئابووری عێراقدا، جگه‌ له‌کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ئابوورییه‌کانی وه‌ک سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانکی جیهانی و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و بازرگانان و کۆمپانیا ئه‌مریکییه‌کان .

حسێن عه‌للاوی ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد، "سه‌ردانه‌که‌ کاری به‌رده‌م حکوومەت ڕوون ده‌کاته‌وه‌ له‌ دابین کردنی که‌شوهه‌وایێکی هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی یاسادانان له‌ ڕێگه‌ی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌.

بڕیاره‌ کۆتایی ئه‌م مانگه‌، موسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق به‌سه‌ردانێکی فه‌رمی بگاته‌ واشنتن، زنجیره‌یێک دیدار له‌گه‌ڵ جۆ بایدن سه‌رۆکی ئه‌مریکا و به‌رپرسانی ئه‌و ووڵاته‌ ئه‌نجام بدات.