image


پەیامی کورد... ئەمنیستی: پێویستە حکومەتی سووریا گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب هەڵبگرێت

رێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی دۆخی شاری حەلەبی سووریا، داوای لە حکومەتی سووریا کرد، گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب هەڵبگرێت، لەوانەش رێگرتن لە خەڵکی ئەو گەڕەکە کوردییانە بۆ دەستگەیشتن بە سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان.

رۆژی سێشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2022، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی رەوشی شاری حەلەبی سووریا، ئاشکرای کردووە، "لە ئابی پارەوە، بە هەزاران خەڵکی گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی و خزمەتگوزاری تەندروستی و پێداویستی رۆژانە بوونەتەوە، ئێستا خەڵکی ئەو گەڕەکانە لە دۆخێکدان، ناچاربوون کەلوپەلی ماڵەوە بسووتێنن، تاوەکو خۆیانی پێگەرم بکەنەوە."

هەروەها لە راپۆرتەکەی ئەمنیستیدا هاتووە، گەڕەکەکانی مەقسوود و ئەشرەفییە، لە باکووری شارەکە، لەگەڵ نزیکەی 50 گوند لە ناوچەی شەهبا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی سڤیلی کوردین کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.

هەروەها راپۆرتەکەی ئەمنیستی ئاشکرای کردووە، حکومەتی سووریا کۆنتڕۆڵی ناردنی کاڵا و شتومەکی بۆ ئەو گەڕەکانە کردووە و ژمارەیەک لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە کوردییانە بە ئەمنیستیان گوتووە، "گەمارۆ نوێیەکەی حکومەتی دیمەشق هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکردنی هەوڵەکانی تورکیا و سووریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان."

لەوبارەیەوە، دیانا سەمعان، توێژەر لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوی ئەمنیستی رایگەیاند، "ئەوە روونە کە دەسەڵاتدارانی سووریا، بە هەزاران دانیشتووی حەلەبیان بێبەشکردووە لە دەستگەیشتن بە پێداویستی رۆژانە، تەنیا لەبەر هۆکاری سیاسی و خەڵکەکە زۆربەی کات لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین."

هەروەها ئەو بەرپرسەی رێکخراوی ئەمنیستی داوا لە حکومەتی سووریا دەکات، بە زووترین کات ئەو گەمارۆیەی سەر گەڕەکە کوردییەکان هەڵبگرێت و دۆخی مرۆیی ئەو شارە چارەسەر بکات و رێگەبدات هاوکارییە مرۆیی و پێداویستییە گرنگەکان و سووتەمەنی بەدەست دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بگات.

رێکخراوی ئەمنیستی ئاشکرای دەکات، لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011وە حکومەتی سووریا چەندین جار گەمارۆی بەسەر ئەو شار و ناوچانەدا سەپاندووە کە دژی دەسەڵاتی سووریا بوون و ئاشکراشی کردووە لەساڵی 2017دا بە هەمان شێوە گەمارۆی خستە سەر شارەکانی حەمما و حومز و حەلەب لەبەرامبەر ئەوەی خەڵکەکەی لەدژی دەسەلاتدارانی دیمەشق راپەڕیبوون.