image

پەیامی کورد     ...   موقتەدا سەدر گفتۆگۆ و هەوڵەکانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دەست پێدەکات

موقتەدا سەدر لە نەجەفەوە چووە بەغداد و سەرپەرشتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكات، كە ڕەوتەكەی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن زۆرترین چاوی لەسەرە.
میدیا عێراقییەكان لەزاری ڕیاز مەسعوودی سەركردە لە ڕەوتی سەدر بڵاویكردەوە، موقتەدا سەدر ئەمڕۆ چووەتە بەغداد و لەئێستادا لە پایتەختی عێراقە بۆ سەرپەرشتیكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو.
ڕەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی پەرلەمانی عێراقە و چانسی پێكهێنانی حكوومەتی لە لایەنەكانی دیكە زیاترە، لەگەڵ ئەوەی هەریەكە لە نووری مالكی و هادی عامری، لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكەی شیعی، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن، لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك و بوونە گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دیار نییە سەركەوتوو دەبن لە تێپەڕاندنی سەدر یان نا.
سەدر لە پەیامی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕایگەیاند، كار بۆ هاوپەیمانێتییەكی نیشتمانی و پێكهێنانی حكوومەتێكی خزمەتگوزار دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش بانگی شیعە، سوننە، كورد و پێكهاتەكانی دیكەشی كرد.