image

پەیامی کورد     ...  ئەمریکا بەڕێگایەکی نوێ هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

 هەرچەندە بەپێی یاسای "قەیسەر" ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەموو جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ ڕژێمی سووریا قەدەغەکردوە، بەڵام ئیدارەی بایدن ڕێگەی بەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان داوە بازرگانی نەوت لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق پەرە پێبدات.

 بەپێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی سووریا کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستوە، لەمیانی سەردانی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆکی مەسەدە داوایکردوە، واشینتۆن لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئابووری ناوچەکە، چاوپۆشی لە بازرگانی نەوت لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان‌ و حکوومەتی سووریادا بکات.

 ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردوە، بەرپرسانی ئەمریکا پێشنیازەکەی شاندی ڕۆژئاوای کوردستانیان ڕەتنەکردۆتەوە، بەڵام داوایانکردوە ئەوە هاوکاربێت بۆئەوەی بەشێوەیەکی فراوانتر لەگەڵ دیمەشق بکەونە گفتوگۆوەو کەناڵی نوێی پەیوەندی لەگەڵدا بکەنەوە.

 باس لەوەشکراوە، واشینتۆن ناتوانێت سەبارەت بەیاسای قەیسەر "ڕیزپەڕبوونی یاسایی" بۆ ئیدارە خۆسەر دەربکات، لەبەرئەوەی ئیدارەکە خۆی پێکهاتەیەکی یاسایی‌ و دەستووری نییە، بۆیە ئیدارەی بایدن تەنها دەتوانێت چاوپۆشی لەو مامەڵە بازرگانییە بکات‌و کار لەسەر سزادانی نەکات.