image


پەیامی کورد … ئەمریکا، ئوسترالیا، ژاپۆن و هیندستان مانۆڕێکی هاوبەشیان دەریاییان ئه‌نجامدا

هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، ژاپۆن و هیندستان لە کەنداوی بەنگال کە دەکەوێتە نێوان هیندستان و بەنگلادیش، مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشیان دەست پێکرد.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی کیۆدۆی ژاپۆنی لە هێزە دەریاییەکانی ژاپۆنی وەرگرتووە، مانۆڕی "مالابار ٢٠٢١" کە مانۆڕی هاوبەشی هێزە دەریاییەکانی هەرچوار وڵاتە، دەستی پێ کردووە.

یاریدەدەری سکرتێری گشتی کابینەی حکوومەتی ژاپۆن، کیهارا سێیجی لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد، هیواخوازن ئەم مانۆڕە ببێتە هۆی هاتنە کایەی رەهەندی "هیند-زه‌ریای ئارامی ئازاد و کراوە" و بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرچوار وڵات.

وا بڕیارە مانۆڕەکە تا سبەی بەردەوام بێت و ئەم چالاکییەش وەک هەوڵێک دژ بە زیادبوونی چالاکییەکانی چین لە ناوچەی زەریای ئارام (پاسیفیک) لێی دەڕواندرێت.

جێی وەبیر هێنانەوەیە بۆ یەکه‌م جار لە ساڵی ١٩٩٢دا مانۆڕی مالابار لە نێوان هیندستان و ئەمریکادا ساز کرا و لە ساڵی ٢٠١٥دا ژاپۆنیش بووە یەکێک لە هاوبەشەکانی مانۆڕەکە.