
پەیامی کورد ... " ئەمریکا سوورە لە درێژەدان بە ئامادەبوونی دیپلۆماسی لە ڕۆژئاوای کوردستان"
سەرچاوەیەک له وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند که ئەمریکا سووره له بەردەوامبوون له ئاماده بوونی دیپلۆماسی سنوورداری خۆی له ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان سوورن لە درێژەدان بە ئامادەبوونی سنوورداری دیپلۆماسی خۆیان لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەو سەرچاوەیە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، "هێرشکردنە سەر داعش و قاعیدە لەگەڵ هاوبەشەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەوانی دیکە، بەشێکە لە ستراتیژی بەرفراوانتری ئەمریکا لە سووریا".
شایانی باسە ماوەیەک پێش ئێستا ڕاگەێندرا کە ئەمریکا دەیەوێت وەک نوێنەرێک لە شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان درێژە بە کارەکانی باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق بدات. لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا لە پەیوەندیدان، کە لە گفتوگۆکانی نێوەندگیری نێوان ENKS و PYD ڕۆڵێکی کارا دەبینن.