
پەیامی کورد... ڕۆژنامەیەکی ئهمریکی: گەڕانەوەی داعش تەنیا پەیوەستە بە کاتە
ڕۆژنامەی (پۆڵەتیکۆ)ـی ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بڵاو کردۆتەوە بە ناونیشانی (١٣ گوانتانامۆ لەو بیابانەی سوریادایە) سەبارەت بە ئاست و ڕادەی ئەو مەترسییەی زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی هێزە کوردییەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سوریا نوێنەرایەتیی دەکەن.
ڕاپۆرتەکە لە لایەن نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی بەئەزموون و ناوداری وەکو (چاڕڵس لیستەر)ەوە ئامادە کراوە کە هاوکاری پلەیەکە لە پەیمانگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و نووسەری کتێبی (جیهادی سووریی: قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامیی و یاخیبوونی بەردوام)ـە و شارەزایییەکی بەرفراوانی هەیە لە کاروبار و پرسی هێزە جیهادییە ئیسلامییەکاندا.
ڕپۆرتەکە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییە و چارڵس خۆی بە شێوەیەکی مەیدانیی سەردانی هەموو زیندانەکانی وەکو (ئەلهۆل) و (گوێران) و سەرکردایەتیی مەرکەزیی ئەمریکیی (CENTCOM) و هێزە کوردییەکانی کردووە و لە نزیکەوە ئاستی ئەو مەترسییە گەورە و تۆقێنەرە سیاسیی و سەربازیی و مرۆییەی بینیوە کە لەو ناوچەیەی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکانی سوریادا جێگیر بووە.
ڕاپۆرتەکە سەرەتا باس لەو پاڵپشتییە لۆجستیی و سەربازیی و ئەمنیی و تەکنیکییە گەورەیە دەکات کە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا پێشکەشی هێزە کوردییەکانی دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو زیندان و کەمپانەی کە پڕن لە جەنگاوەری داعش و کەسوکارەکانیان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە هێزە ئەمریکییەکان پاڵپشتییەکی سەربازیی و مەدەنیی و لۆجیستی و ڕاوێژکاریی گەورە پێشکەش بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن و ئەو هەماهەنگییەی ئەمریکیی و کوردەکانیش تاکە ڕێگری بەردەم سەرهەڵدانەوەی داعشە.
چاڕڵس ئاماژە بەوە دەکات هەر کەسێک پێی وایە هەموو ئەو گورزانەی تا ئێستا لە داعش وەشێنراون ئەو هێزەی لە پەلوپۆ خستووە و لاوازی کردووە؛ ئەوە سووکایەتیی بە توانستە مەترسییدار و گەورەکانی داعش دەکات کە هێشتا خاوەنیانە، بە بڕاوی ئەو داعش هێشتا خاوەنی یەک تایبەتمەندییە کە بە وتەی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە "تایبەتمەندییەکە کە بە پارە ناکڕدرێت"؛ ئەویش پاشماوەی "دەوڵەتە"کەیەتی کە پێکهاتوون لە دانیشتووانی هاوبیری خۆی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ساڵی ٢٠١٩ پاش دواهەمین شەڕ لەگەڵ داعش لە باغۆز، زیاتر لە ١٠ هەزار جەنگاوەری داعش بە دیل گیران، کە دابەش بوون بەسەر ٢٦ زیندانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەگەڵ ٥٤ هەزار ژن و منداڵ کە لە کەمپی نیمچەسەربازیی داخراودان، بە وتەی چاڕڵس لیستەر، ئەو دۆخەی کە دەستگیرکراوان بە تایبەتیی ژن و منداڵ و کەسوکاری جەنگاوەرانی دعش تێیدان، ئاڵنگارییەکی مرۆیی و ئەمنیی هێندە گەورەیە کە پێشتر لەسەر زەویی نموونەی نەبووە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "قەبارەکە گەورەیە، هەروەها ئەو هەڕەشە و مەترسییە ئەمنییە گەورانەشی پێیەوە پەیوەستن". ئیریک کوریلا، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا بە ڕۆژنامەکەی وتووە: "کاتێک لەگەڵ دانیشتووان، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە پاسەوانی شوێنەکان دەکەن و بەرپرسانی کارگێڕیی کەمپەکان قسە دەکەیت' هەستێکی ڕاستەقینە بەو مەترسییەی لە ئاسۆدایە داتدەگرێت".
ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە بۆ ئەوەی قەبارەی مەترسیی ئەو جەنگاوەرانەی داعش و کەسوکاریان بەرجەستە بکات، بەراوردێکی ئەمانە دەکات بە دەستگیرکراوانی گوانتانامۆ، بە وتەی ئەو لەو دوورگەیە تەنیا ٧٨٩ گومانلێکراوی داعش هەبوون، کە پێگەیەکی دەستبەسەرکردن بوو لە دوورگەیەکی هەزاران مایڵ دوور لە هەر کێشمەکێش و ململانێیەکەوە، کەچی دوای ٢١ ساڵ هێشتا ٣١ زیندانی لەو دوورگەیەدا ماون و سەرباری هەموو ئاسانکاریی و دەستوبردێکی ئیدارە یەکلەدوای یەکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ هێشتا ٣١ ساڵی ترمان پێویستە بۆ ئەوەی ئەوانەی ماون دادگایی بکرێن و بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنرێنەوە. بەڵام لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا تەنیا جەنگاوەرانی داعش ژمارەیان ١٠ هەزار کەسە، کە ئەگەر ببرێنە ئەمریکا پێویستیان بە ١٣ گوانتانامۆی ئامادەکراوە بە هەموو پێداویستیی و توانا مرۆییەکانەوە.
بە گوزارشتی ڕۆژنامەکە هەر کەسێک لە ئەگەر و مەترسیی گەڕانەوە و سەرهەڵدانەوەی داعش کەم دەکاتەوە، دەبێت بزانێت داعش تەنیا لە سوریا ١٠ هەزار جەنگاوەری دەستبەسەر و لە عێراقیش ٢٠ هەزاری دیکەی هەیە، کە مەترسییدارترینیان لە زیندانیی (گوێران)ـن لە حەسەکەی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، ئەوانە لە جەنگاوەرە هەرە دڕ و مولتەزیم و شارەزاکانی ئەو ڕێکخراوەن کە ماوەیەک لەمەوپێش و بە هەماهەنگیی فەرماندەیەکی عێراقیی ڕێکخراوەکە لە زیندانەکە و چەند کەسێکی دەرەوەی زیندانەکە هەوڵێکی هەڵهاتنیان دا کە بووە هۆی نانەوەی شەڕێکی گەورە و نزیکەی ٥٠٠ کەسی تێدا کوژرا کە زۆرینەیان لە دەستگیرکراوانی داعش بوون.
چاڕڵس لیستەر دۆخی ناو کەمپەکە بەرجەستە دەکات و دەنووسێت بوونی ٢٥ هەزار منداڵ لە کەمپی هۆل مەسخەرەیەکی مرۆیی و بۆمبێکی تەوقیتکراوە، هۆکاری ئەو مەترسییەش کاتێک دەردەکەوێت کە بۆ نموونە تەنیا لە هەڵمەتێکی پاکسازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو کەمپەکەدا ٣٠٠ پیاو دەستگیر کران کە لەناو ژن و منداڵەکانی کەمپەکەدا خۆیان حەشار دابوو، ئەوە لەپاڵ ئاشکراکردنی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەی بیری داعش کە تێیدا منداڵانیان لەسەر بیری داعش پەروەردە دەکرد، بە وتەی فەرماندە ئەمریکییەکە: "ئەمانە نەوەی داهاتووی داعشن، تەواوکەری سووپا دەستەبەسەرەکەی داعش لە زیندانەکاندا".
تاکە چارەسەری ئەمانە بە بڕوای ئامادەکارەکە، بریتییە لەوەی سەرەتا بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئینجا دادگایی بکرێن و سەرلەنوێ ڕابهێنرێنەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگەکانیان بکرێنەوە، لە ڕووی لۆجستییەوە ئەمە ئەرکێکی فرەدژوارە، ئاخر ٥٠ هەزار لە ژن و منداڵانی کەمپەکان خەڵکی عێراق و سوریان، لە لای خۆیەوە عێراق بە شێوەیەکی زۆر سەرسامکەرانە هاتۆتە پێش بۆ گێڕانەوەی هاوڵاتییانی خۆی، بەڵام سەرباری ئەو قۆڵهەڵماڵینەش هێشتا بۆ گێڕانەوەی کۆی هاوڵاتییە عێراقییەکان نزیکەی ٦ ساڵمان پێویستە... ١٢ هەزار لەو ٥٤ هەزار ژن و منداڵەش هاوڵاتیی سووریین و زۆرینەشیان لەو ناوچاونەن کە ئێستا لەژێر دەستی ڕژێمی بەشار ئەسەددان و هیچ نیاز و جۆش و خرۆشێک بۆ گێڕانەوەیان لە ئارادا نییە.
ساڵی ٢٠٢٢ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵێکی چڕوپڕی دا بۆ گێڕانەوەی ئەوانەی دیکە کە سەر بە جوگرافیا و وڵاتی دیکەن و سەرباری هەمو هەوڵەکانیش تەنیا ١٪ی ژن و منداڵەکان گەڕێنرانەوە، بەڵام ئەوی پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی ئەو ١٠ هەزار جەنگاوەرە پیاوەی داعش بۆ وڵاتەکانیان؛ ئەوا بە ڕەهایی هیچ پێشوازییەکی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان لەئارادا نییە.
بەپێی مەزەندەی ڕۆژنامەکە؛ ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرەی ئێستا بڕوات ئەوا گەڕاندنەوەی هەموو ئەوانەی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریان بۆ زێدی خۆیان نزیکەی ٣٠ ساڵی پێ دەچێت، بە وتەی ڕۆژنامەکەش تاکە زامنی کۆنتڕۆڵکردنی ئەوانە هێزەکانی ئەمریکان و ئەو هێزانەش درەنگ یان زوو دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و بێگومان ئەوەش ناگاتە ٣٠ ساڵ و بگرە نیوەشی، بە پێی وەسفی گۆڤارەکە، ئەگەر بە زوویی چارەسەر نەکرێت، هەر لەگەڵ ڕۆشتنی هێزە ئەمریکییەکان "هەموو دۆزەخەکە دادەڕمێت".
ئەوەشی هەبوونی ئەم پاشماوانەی داعشی هێندەی دیکە مەترسیدار کردووە مەلەفی دەوڵەتی سوریایە لە پشتگیرییکردن و بەکارهێنانی هێزەکانی هاوشێوەی داعش، چونکە سوریا ساڵی ٢٠١١ چاوپۆشی لە هەڵکشان و بەهێزبوونی ئەو ڕێکخراوە کرد، ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١٠ش پاڵپشتییەکی لۆجستیی و هەواڵگریی و مەشقکاریی گەورەی پێشکەش بەو یاخییبووانە کرد کە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەجەنگان و هەر ئەویش بوو ڕێی دا زیاتر لە ٩٠ هەزار خۆکوژ لە خاکی وڵاتەکەیەوە بچنە ناو عێراقەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا پۆڵەتیکۆ نووسیویەتی: "داعش خەون بەوەوە دەبینێت مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا شکست بهێنێت، ئەمە لەپێشینەیەکی هەرە گرنگیشە بۆ ئەمریکا، کە هەنووکە وەزارەتی دەرەوە کاری لەسەر دەکات، ئەمەش پێویستیی بە هەوڵێکی دیپلۆماتیی نێودەوڵەتیی گەورە هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە مەترسییدارە. کاتێک داعش لە ٢٠١٤ دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت، گەورەترین هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە مێژوودا پێکهات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، ئێستاش کۆششێکی هاوشێوە پێویستە، ئەگەر وا نەکرێت، سەرهەڵدانەوەی کارەساتبارانەی داعش تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە".