
پەیامی کورد... ڕۆژنامەیەكی لەندەنی: بەغداد هانا بۆ واشنتۆن دەبات
ڕۆژنامەیەكی لەندەنی ڕایدەگەیەنێت،"بەغداد هانا بۆ واشنتۆن دەبات بۆ چارەسەركردنی كێشەی كڕینی غاز لە ئێران".
رۆژنامەی (العرب)ـی لەندەنی بڵاویكردووەتەوە،"بەغداد داوا لەواشنتۆن دەكات چارەسەری كێشەی كڕینی غازی ئێرانی بۆ بكات, كە لەم وەرزەدا پێویستیەكی زۆری پێیەتی بۆ كارپێكردنی وێستگە كارەباییەكانی".
ئاماژە بەوەشدراوە،"سزاكانی ئەمریكا بەشێكن لە هۆكاری نا سەقامگیری بەردەوامبونی ناردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق".
ئەوەشخراوەتەڕوو،"وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی دیدارەكەی لەگەڵ هاوتا ئەمریكیەكەی لە ریازی پایتەختی سعودیە, جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە كردووە, كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كەرتی كارەبای عێراق هەیە".
هەروەها هاتووە،"عێراق بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆی لەكارەبا, پێویستی بە هاوردەكردنی بڕێكی زۆر غازی ئێرانە, كە لەماوەی ساڵانی رابردودا روبەڕوی كێشەی زۆر بووەتەوە, هەندێكی بە هۆكاری هونەری و هەندێكی تریشی بەهۆكاری دارایی, بەهۆی نەدانی شایستە داراییەكانی تاران".
وەزارەتی كارەبا عێراق لەمانگی نیسانی رابردودا ئاشكرایكرد،"ساڵانە نزیكەی (6)ملیار دۆلار بۆ كڕێنی غاز لە ئێران و هەرێمی كوردستان, تەرخان دەكەن".
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە،"بەغداد (40)ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەكات, راگرتنی پێشوی غاز لە ئێرانەوە بووە هۆی لەدەستدانی (7)هەزار مێگاوات كارەبا لە عێراق, بەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتە نزیكەی (15)هەزار میگاوات, لەكاتێكدا پێداویستیەكانی وڵات لەسەروی (24)هەزار میگاواتەوەیە".
محەمەد نوری سەرۆكی لیژنەی كارەباو وزە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت،"گرێدانی كارەبایی عێراق لەگەڵ سعودیە و كەنداو, نابێتە هۆی ئەوەی عێراق دەستبەرداری غازی ئێرانی بێت, پێشیوایە هەنگاوێكی لەو شێوەیە چەند سالێكی پێویستە".
ئەو بڕە كارەبایەی عێراق لە سعودیە و كەنداوەوە بەدەستی دەهێنێت, كەمە و چارەسەری كێشەی كەمی كارەبا ناكات, عێراق لەم ماوەیەدا پێویستی بە بڕێكی زۆرێكی غازی ئێران دەبێت چونكە پێویستی بە بڕێكی زۆری كارەبایە, كە دەگاتە (32)هەزار میگاواتە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی هەیە.