image

پەیامی کورد     ...    ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی زانکۆی "ئۆرشەلیم" سەبارەت بە تواناکانی ئیسرائیل بەرامبەر ئێران پەیامێک ڕادەگەێنێت

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی زانکۆی "ئۆرشەلیم" لە ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە کە ناکۆکییەکانی نێوخۆی ئەو ووڵاتە، توانای ئیسرائیلی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.

ئەو ناوەندە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جانیوەری ، پێشکەشی "ئیتسخاک هێرتسووگ" سەرکۆماری ئیسرائیل کردووە، نووسیویەتی کە ئەو ناکۆکییانە بووەتە هۆی ئەوەی کە توانای ئەو ووڵاتە بۆ بەرەوپێش چوونی ستراتیژییەکی یەکدەست و درێژماوە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی "تاران"، بەتایبەت بەرنامەی ئەتۆمی ئەو ڕێژیمە کەم ببێتەوە.

بەپێی نووسینی توێژەرانی ئەو دامەزراوەیە، ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کە گەورەترین هەڕەشەی دەرەکی دژی ئیسرائیل دێتە ئەژمار، لە ئێستادا ئەو توانایەی هەیە کە لە ماوەی چەند حەفتەدا دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات. هەرچەند ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتی نەتەوەیی زانکۆی "ئۆرشەلیم" لەسەر ئەو بڕوایەیە هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران بڕیاری کۆتایی بۆ جووڵەی ئەو بەشە نەداوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئیسرائیل لە ئێستادا و لە بەرانبەر ئەو ڕێژیمە ستراتیژییەکەی بە دەستە وەستانی گەیشتووە و هیچ ڕێگاچارەیەکی شیاو و دڵخوازی لەبەر دەستدا نییە.

بە ووتەی توێژەرانی ئەو ناوەندە، گرێبەستێکی نیوەچڵ لەنێوان ڕێژیمی "تاران" و ووڵاتانی زلهێز ماوەتەوە کە بووەتە هۆکاری ئەوەی ئیسرائیل لەگەڵ شەپۆلێک هەوڵی گرووپە داندراوەکانی ئەو ڕێژیمە بەرەوڕوو بکاتەوە و ڕێگای ڕێژیمی ئێرانیش بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ئاسانتر بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئەگەر دانیشتنەکانی "ڤییەننا" بە ئاکامێکی باش نەگەن، ڕێژیمی ئێران دەتوانێت بە ئاسانی ڕێگای خۆی بۆ لای درووستکردنی چەکی ئەتۆمی درێژە پێ بدات.