
پەیامی کورد... نیویۆرک تایمز نهێنیی نوێ لەبارەی ئاگرەکەی حەمدانییەوە دەخاتەڕوو
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی ئاهەنگەکەی قەزای حەمدانیە بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاشکرایدەکات ئەو کەرەستانەی لەو هۆڵەدا بەکارهێنراون بەرلە شەش ساڵ هۆکاری ئاگرکەوتنەوە بووە لە باڵەخانەیەکی لەندەن و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 70 کەس.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەو کەرەستە و ماددانەی بەکارهێنراون لە دروستکردنی هۆڵی ئاهەنگەکەی حەمدانیەدا، هەمان ئەو کەرەستانەن کە لە دروستکردنی تاوەری "گرینفیڵ" لە لەندەن بەکارهاتبوون، کە تاوەرەکە تایبەتبووە بە کەسانی کەمدەرامەت.
ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو تاوەرە لە ساڵی 2017دا ئاگری گرتووە و بەهۆیەوە 72 کەس تێیدا گیانیان لەدەستداوە.
نیویۆرک تایمز باسی لەوەشکردووە، هۆڵەکەی حەمدانیە هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدانەبووە، لەگەڵئەوەی کەرەستە بەکارهاتووەکانی ئەو هۆڵە نایاسایی نین، بەڵام بەهۆی پێکهاتە و زوو گڕگرتن و سوتانیانەوە پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەتی هەیە لەکاتی بەکارهێناندا.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵەکەی حەمدانیە یارییە ئاگرینەکان بووە کە بەر ئەو کەرەستانە کەوتووە کە هۆڵەکەی پێڕازێنراوەتەوە و کەرەستەکان جۆرێک بوون کە زوو دەسوتێن و گڕدەگرن.
جەختیشیکردەوە کە ماددەکانی بەکارهێنراو لە دروستکردنی بنمیچی هۆڵەکەدا پانێڵ ساندویچ بوون کە زۆر بە خێرایی گڕدەگرن و دەسوتێن.