image


پەیامی کورد... ژنێک وەک تۆڵەکردنەوە لە خۆشەویستەکەی ٤٦ کەسی کوشت

دوای ئەوەی ژنێک لە تایوان وەک تۆڵەکردنەوە لە خۆشەویستەکەی ٤٦ کەسی کوشت و ٤١ی تری بریندار کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگری بەردایە شوقەکەی، سزای زیندانی هەمیشەیی بۆ بڕایەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵی تایوان بڵاویان کردووەتەوە، دوای ئەوەی ژنێک بەناوی "هوانگ کی کی" لە ساڵی ٢٠٢١ ئاگری بەردایە شوقەی خۆشەویستەکەی، بە هۆوە ئاگرەکە تەشەنەی سەند و تەلارەکەی گرتەوە، لە ئەنجامی ڕووداوەکەش ٤٦ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤١ی تر بریندار بوون.

ئەوەش هاتووە، ڕۆژی هەینی ٥ی ٨ی ٢٠٢٢ دادگای تایوان سزای زیندانی هەمیشەیی بۆ ئەو ژنە بڕیوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار کرا و تۆمەتەکەی بەسەردا ساخبوویەوە، دادگاش جەختی لەوە کردووەتەوە، تاوەکوو ناوبراو لانی کەم ٢٥ ساڵ لە زیندان بەسەر نەبات بە هیچ مەرجێک ناتوانرێت ئازاد بکرێت.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوەشداوە، هۆکاری ڕووداوەکە ئەوە بووە کە ژنەکە هەستی بەوە کردووە کە خۆشەویستەکەی ناپاکی لەگەڵدا دەکات، هەستاوە بە داگیرساندنی بخوردێکی تایبەت بە دەرکردنی مێشوولە و لەسەر پێخەفی خۆشەویستەکەی جێی هێشتووە، دوای کەوتنەوەی ئاگرە تەواوی تەلارەکە ئاگری گرتووە.