
پەیامی کورد... نەتەوەیەكگرتووەكان: هەشت ملیۆن لاپەڕە دۆكیومێنتی داعش بە دیجیتاڵكراون
تیمی لێكۆڵینەوەكان لەپێناو سزادانی تاوانبارانی داعش لەعێراق ئاشكرایكردوە: لەرێگەی هەوڵی "زەبەلاحی بەدیجیتاڵكردن"ەوە كە لەعێراق دەستیپێكراوە، كۆی گشتی هەشت ملیۆن لاپەڕە دۆكیومێنتی داعش خراوەتە سەر پلاتفۆرمی دیجیتاڵی.
كریستیان ریتشەر راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان وبەڕێوەبەری تیمی لێكۆڵینەوە لەپێناو سزادانی تاوانبارانی داعش لەعێراق "یونیتاد"، لەمیانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكاندا، رایگەیاند: لەگەڵ گرووپێكی 10 كەسیدا لەساڵی 2017دا دوای رزگاركردنی مووسڵ لەداعش، دەستیان بەكاركردن كردووە وئاشكرایكرد: لەئێستادا 150 كارمەند و 60 راوێژكار لەچوارچێوەی یونیتاددا كاردەكەن.
ریتشەر باسی لەوەشكرد: كار دەكەن لەپێناو ئەوەش كەسزای تاوانە نێودەوڵەتییەكانی داعش بدرێت و زانیاری گرنگیان سەبارەت بەتاوانەكانی داعش دەستكەوتووە. وگوتی: لەرێگەی پرۆژەیەكی زەبەلاحی بەدیجیتاڵكردنەوە، دەستمان بەدیجیتاڵكردن لەپێنج دادگای عێراق كردووە، لەماوەی چەند مانگی ئایندەدا ئەم پرۆژەیە لەدادگاكانی دیكەش دەستپێدەكرێت. وگوتی: تا ئەمڕۆ هەشت ملیۆن لاپەڕە دۆكیومێنتی داعش كە لەلای كاربەدەستە عێراقی وكوردەكان پارێزراون، بەدیجیتاڵكراون وئاسانكاری كراوە بۆ ئەوەی سیستمی دادوەری عێراق دۆكیومێنتەكان بەكار بهێنێت.