
پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: زیادبوونی چەکە ئەتۆمییەکان مایەی نیگەرانیی زۆرە
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زیادبوونی چەکی ئەتۆمی مایەی نیگەرانی زۆرە و ئەم ھەفتەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
سەبارەت بە بڕیاری رووسیا بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕووسیا، رۆناڵدۆ گۆمەز، سەرۆکی بەشی پەیوەندییە دەرەکییەکان و راگەیاندنی یەکەی زانیاری نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێف رایگەیاند، زیادبوونی چەکە ئەتۆمییەکان مایەی نیگەرانی زۆرە، ھەروەھا پێویستە وڵاتان ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرن کە لە چوارچێوەی پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بڕیاری لەسەر دراوە.
لای خۆیەوە، ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێویستە ھەموو وڵاتانی ئەندام پابەندبن بە پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی.
ستیفان دوجاریک سەبارەت بە داواکاری وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ھەفتەیە کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت.
رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە ڤڵادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕووسیا جێگیردەکەن، بەجۆرێک کە بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل نەکات