
پەیامی کورد... ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانییە ڕاگەیەندرا
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە رووداوەکەی قەزای حەمدانییەی ڕاگەیاند و دەڵێت،"رووداوەکە بەهۆی یاریە ئاگرینەکانەوە بووە".
لیوا كازم بۆهان، سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە تایبەت بە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانییە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند،"لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و پشکنینی هۆڵەکە دەرکەوتووە، رووداوەکە بەهۆی یاریە ئاگرینەکانەوە بووە".
ئاماژەی بەوەشداوە،"ئاگرکەوتنەوەکە لە ئەنجامی یاریە ئاگرینەکان بووە و بنمیچی هۆڵەکە لە ماددەی ئەزبێز و ساندویچ پانێڵ و ماددەی پلاستیکی دیکە هەبووە، کە هەموو ئەوانە بەشێوەیەکی خێرا گڕدەگرن".
ئەوەشی خستەڕوو،"لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا قوماشی سەتان بەکارهاتووە، کە بە خێرایی گڕ دەگرێت".
ڕوونیشیكردووەتەوە،"لەو هۆڵەدا ژمارەیەکی زۆری خواردنەوە کحولییەکانیش هەبووە".
بەپێی لێدوانی لیژنەكە،"لە ئەنجامی ڕووداوەكەدا 107 کەس گیانیان لەدەستداوە و 82 برینداریش هەن".