image


پەیامی کورد... پێنج ژنە سەربازی ئیسرائیلی بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی سێكسی لەگەڵ بەندکراوێکی فەڵەستینی سزا دران

پێنج سەربازی ئافرەتی ئیسرائیلی، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ بەندکراوێکی فەڵەستینی، لە کارەكانیان دەرکران.

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، ئافرەتێکی سەرباز دانی بەوەدا ناوە، لەگەڵ بەندکراوێکی فەڵەستینی پەیوەندیی سێکسی هەبووە كە ئەو بەندکراوە فەڵەستینییە بە تۆمەتی هێرشكردنە سەر خەڵکی ئیسرائیل و کوشتنیان لە بەندیخانەدایە.

هەروەك ئەوەش ئاشكرا كراوە كە پاش ئەوەی یەكێك لە ژنە سەربازەكان دەستگیر كراوە، دانی بەوەدا ناوە كە جگە لە خۆی، چوار ئافرەتی دیکەی سەربازی لە گرتووخانەی (ڕامون) لە باشووری ئیسرائیل، لەگەڵ هەمان بەندکراودا پەیوەندیی سێکسییان هەبووە.

ئەو ئافرەتەی ئەرکە سەربازییەکەی لەنێو بەندیخانەدا بووە و لەگەڵ بەندكراوەكەدا پەیوەندیی سێكسی دروست کردووە، تا ئێستا ناو و ناسنامەی خۆی و ژنە سەربازەكانی دیكە و تەنانەت بەندکراوەکەش ئاشکرا نەکراوە، لەوبارەیەوە ئیدارەی بەندیخانەکانی ئیسرائیل ڕای گەیاندووە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر، ئەو بەندکراوە گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

لەدوای ئاشکرابوونی ئەم پەیوەندییانە، ئیتمار بن غفێر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە گفتوگۆیەكدا ڕای گەیاند، چیدی سەربازە ئافرەتەکان نانێردرێنە بەندیخانە، چونكە بەندیخانەکان بەندکراوی مەترسیداری فەڵەستینییان تێدا رادەگیرێ و کێشەی ئەمنی لێ دەکەوێتەوە.

هاوكات ئاشكرا كراوە كە هەمان وەزیر بەنیازە لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل داوا بكات، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی حكوومی دروست بكرێت بە سەرۆكایەتیی دادوەرێك، تاوەكوو لێكۆڵینەوە لە ڕەفتاری كارمەند و پاسەوان و سەربازانی نێو بەندیخانەكانی وڵاتەكە بكرێت.