image

پەیامی کورد     ... ئاژانسی هەواڵی ڕۆیته‌رز: تاران لە هەوڵی پاراستنی هه‌ژموونی خۆی له‌ عێراق ە

 ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له‌ راپۆرتێكی شيكاریدا ده‌ڵێت: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانی عێراقی له‌ رێگای سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌ ره‌تیان كرده‌وه‌ پاشكۆی ئێران له‌ عێراق بن، به‌ڵام تاران تا ئێستا شه‌ڕ له‌ پێناو مانه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی له‌ ووڵاته‌دا ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ی رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌مه‌شداوه‌ كه‌ موقته‌دا سه‌در هه‌ڵمه‌تێكی له‌دژی هه‌ژموونی ئێران ده‌ستی پێكردووه‌و به‌ پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانیش توانیویه‌تی زۆرترین كورسی به‌ده‌ست بێنێت،سه‌باره‌ت به‌و ئه‌نجامه‌ش سه‌در ده‌ڵێت: ئه‌و ئه‌نجامه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌له‌ به‌سه‌ر میلیشیاكان.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌ شیكارییه‌كه‌، هێشتا هه‌ندێك ئاماژه‌ هه‌ن كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت،چونكه‌ نوری مالكی كه‌ به‌ هاوڕێیه‌كی كۆنی ئێران داده‌ندرێت، توانیویه‌تی پله‌ی سێیه‌می سه‌ركه‌وتووانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ده‌ست بێنێ.

 له‌مباره‌یه‌وه‌ دیبلوماسییه‌كی رۆژئاوایی به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌: له‌كاتی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن ، ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس-ی سه‌ر به‌سوپای پاسداران له‌ به‌غدا بووه‌و تا ئێستا به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ هاوپه‌یمانانی ئێران له‌ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه‌.